Heman Hussein Yaseen
04 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2024
هەولێر - AA
پارێزگاری ھەولێر چەند بڕیارێکی لەبارەی ڕێگرییکردن لە پیسبوونی ژینگە دەکرد و گرنگترینیان داخستنی و هەڵگرتنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاساییە لە سنووری شارەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوانی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەک لەبارەی ژینگەی شارەکە بەرێوە چوو کە تیاییدا چەند بڕیارێکی گرنگ دەکرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، پارێزگای هەولێر ئومێد خۆشناو چەند بڕیارێکی تایبەت بە ڕێگرییکردن لە پسیبوونی ژینگە خوێندەوە کە تایبەتن بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و دووکەڵی مۆلیدە و ئۆتۆمبێلەکان و، جەختیشی لەوەکردەوە کە ڕێکارەکان زۆر بە توندی دەگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتی: "لە پێناو ژینگەیەکی باش بۆ هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوانمان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە پیسبوونی ژینگە قسەی لەسەرکرا و چەند بڕیارێکمان لەبارەیەوەدا و ئەمڕۆش بڕیارەکان جێبەجێ دەکرێن".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی کار دەکەن و هەر ئەمڕۆ سەرجەمییان دادەخرێن، داواکارین لەوانەی ئەم کارە دەکەن لە ئێستاوە پاڵاوگەکانییان دابخەن ئەگەرنا ڕێکاری دیکەی بەدوادا دێت، ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە و هەر کەسێک ئەم کارە بکات ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، داواش لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەین کە نابێت وەزارەت مەوادەکانی خام بۆ ئەم پاڵاوگانە دابین بکات و هەر گرێبەستێکیش هەبێت لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و پاڵاوگەکان لە ئەمڕۆوە کاری پێ ناکرێت، هەروەها تایبەت بەم پاڵاوگانەی کە یاسایین ئەوا ماوەی ١٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەر نا ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگای هەولێر جەختی لەوەشکردەوە کە لە ئەمڕۆوە سەرجەم کارگەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە دەبێت دەست بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژینگەپارێزیی بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی ١٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت.
لەبارەی موەلیدە ئەھلییەکانیش پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتی: "نابێت ھیچ مۆلیدەیەک دووکەڵ بکات و ئەوانەشی بڕیاری بێدەنگکردنی مۆلیدەکانییان جێبەجێ نەکردووە، تەنیا یەک ھەفتە لەبەردەم خاوەنەکەدایە بۆ گۆڕینی مۆلیدەکانییان و دەبێت بێدەنگ بکرێت، ئەگەرنا ھەموو ئەو سزایانەی بەسەر جێبەجێ دەکرێت کە لە دەستگیرکردن و وەرگرتنەوەی شوێنەکە خۆی دەبینێتەوە".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "هەرچەندە ئێستا دیاردەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل کەم بووەتەوە بەڵام لە ئەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ڕاسپێدرا هاوشان لەگەڵ مەفرەزەکان چاودێری دۆخی ژینگەش بکەن بەوەی ھەر ئۆتۆمبێلێک ببێتە ھۆی پیسبوونی ژینگە ئەوا لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی چارەسەر بکات".
لەبارەی وێستگەی ھەڵمی خەبات، ئومێد خۆشناو گوتی: "لەگەڵ ھەر دوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە پەیوەندیدا دەبین، گرفتە ژینگەییەکان چارسەر بکەن، ئەگەرنا لەگەڵیان دادەنیشین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند کە لیژنەیەکی باڵا پێکدەھێندرێت بۆ چاودێریکردنی بڕیارەکان و لیژنەکە هەمیشەییە و هەفتانە ڕاپۆڕتی خۆیان بڵاودەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاژانسی ئانادۆڵو ڕاپۆڕتێکی لەبارەی خراپی ژینگەی هەولێر و لێکەوتەکان بڵاوکردبووەوە کە ئەمەش بووە هۆی هۆشیارکردنەوەی چالاکوانان و سەردێری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لە ئەنجامدا کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی باڵای لێکەوتەوە و ژمارەیەک بڕیاریان بۆ ڕێگرییکردن لە پیسبوونی ژینگەی شارەکە دەرکرد.
لە ڕاپۆڕتەکەی ئاژانسی ئانادۆڵودا ئاماژە بەوەکرابوو کە، پیسبوونی ژینگە پرسێکی تەندروستی گشتی نێودەوڵەتییە و چەندین کاریگەری لەسەر تەندروستی ھەیە لە نێویاندا تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە کە ساڵانە ئامارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە ھەڵکشاندایە و بە گشتی ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان - عێراق نزیکەی ٣٠ کەس تووشی شێرپەنجە دەبن کە بەشێک لەوانە پەیوەندییان بە پسیبوونی ژینگەوە ھەیە.
لە ڕاپۆڕتەکەدا پسپۆڕی بواری نەوت، ڕێبین سەمەد قسەی تیادا کردبوو، ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەولێر بە دووەم پیسترین شار دێت لە دوای بەغدا لە ڕووی کوالێتی هەواوە و ئەمەش پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدە هەیە، بە جۆرێک ئەگەر یەک مۆلیدە ماوەی ١٢ کاتژمێر کار بکات یەکسانە بە کارکردنی ٣٠٠ ئۆتۆمبێل لەم ماوەیەدا، بۆیە ئەم زیانە گەورەیەی کە مۆلیدەکان لە کوالێتی ھەوای دەدەن کارەساتەکە ئێجگار گەورەیە.
ھەر لە ڕاپۆڕتەکەدا سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، دکتۆرە چنار سنجاوی ئاماژەی بەوەدابوو کە، لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە بریتیی بوو لە ٩ ھەزار و ٩١١ کەس ، لە ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم، بە نزیککراوەیی ڕۆژانە ٣٠ تووشبوو لە ھەرێم تۆمارکراون، بێگومان ھۆکارەکان زۆرن، ژینگە یەکێکە لە ھۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەیە.
ئەو تووشبووانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ تۆمارکراون، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوونە کە پارێزگای ھەولێر سەدا ٥٥ی تووشبووان پێکدەھێنێت و بریتییە لە ٥ ھەزار و ٤٥٦ کەس واتا ڕۆژانە ١٥ تووشبووی نوێ تۆمارکراون، پارێزگای سلێمانی سەدا ٣٣ی تووشبوون پێکدەھێنێت و بریتییە لە ٣ ھەزار و ٢٧٥ کەس، واتا ڕۆژانە ١٠ تووشبوونی نوێ تۆمارکراون، پارێزگای دھۆکیش سەدا ١٢ی تووشبووان پێکدەھێنێت و بریتییە لە ھەزار و ١٨٠ کەس، واتا ڕۆژانە ٣ تووشبووی نوێ تۆمارکراون. ھاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا زۆر بەرز بێتەوە.