Heman Hussein Yaseen
04 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2024
هەولێر - AA
بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وەڵامی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی سەبارەت بە یادی ١٠ ساڵەی شنگال داوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی لە شنگال خوێن و قوربانیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھاتووە: "لە یادی دەساڵەی کارەساتی شنگالدا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا فرمێسکی تیمساحی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە ڕشتووە و ھەوڵیداوە ئەو کارەساتە نیشتیمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسکە سیاسیە و حزبیەکانی خۆی بقۆزێتەوە و ڕاستییەکانی ئەو کارەساتە بشێوێنێت".
لە لێدوانەکەدا بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشخراوەتەڕوو کە: "ھەموو خەڵک و تێکۆشەر و خەباتگێڕان و ھێزی ھاوپەیمانان شاھیدی ئەوەن، کە ئەوەی لە شنگال خوێن و قوربانی و زیانی دا، پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە حوزنێکی گەورەی نیشتیمانی وەک کارەساتی شنگال، پارتی وەک ھەمووجار بە تەنیا مایەوە و بەتەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەکان، چ لە ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان و ھەروەھا ڕزگارکردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش. جیھان شاھیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریی کردووە و چۆن ئەفسانەی داعشی شکاندووە. مێژوویەکی زۆر کۆن نییە، گەلی کوردستان باش لەیادیەتی بۆ تۆمارکردنی داستانی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی سەددی موسڵ و ئازادکردنی ڕەبیعە و ئازادکردنی زووماڕ و شکاندنی ئابڵووقەی چیای شنگال و دواجاریش ڕزگارکردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەدان شەھید و برینداری بەخشی و ماوەی دووساڵ سەرۆک بارزانی خۆی لە بەرەکانی شەڕ مایەوە و ھەتا شنگال ئازاد نەکرا، نەگەڕایەوە و ئەو بەڵێنەی گەیاندەسەر کە بە بابەشێخ و ئێزیدیەکانی دابوو، کە ئێزیدخان دەمێنێت و سەری داعش دەبێت بکەوێتە ژێر پێی ڕۆڵەکانی ئێزدی".
بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاندووە: "موزایەدات و ڕشتنی فرمێسکی تیمساح بۆ ئێزدییەکان و چەواشەکاری ھیچ لە وێنەی ڕاستییەکان ناگۆڕێت، بە تایبەت کە ئەو موزایەداتە لەلایەن ناپاک و کاڵفامەکانەوە بێت. وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە ئەوەی لە خەمی شنگالە و خاوەنی شنگالە و ئاوێتەیە لەگەڵ ژان و ئازاری خوشک و برایانی ئێزیدی تەنیا پارتی بووە و ھەر پارتی دەمێنێتەوە".
ئەم لێدوانەی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە یادی ١٠ ساڵەی کارەساتی شنگالدا، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی پیرە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا لە گوتی: "بەداخەوە لەگەڵ ھەبوونی ھێزێکی زۆری پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوچەی شنگال کە ئەگەر بەرگریشیان نەکرد دەبوو ئاگاداری خەڵکی شنگالیان بکردایەوە، بەڵام بەداخەوە لە نیوەشەوێک شنگالیان بەجێھێشت بۆ دڕندەکانی داعش، بەداخەوە زۆرجار لەناو ھەرێم لەسەرئەم بابەتە ھاتینە وەڵام و بڕیار بوو لیژنەیەک پێکبھێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی شنگالیان بەم دۆخە گەیاند، من پێم وایە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاوبکرێتەوە باشترە لەوەی فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانییانی شنگال بڕێژن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توانایەکی زۆرکەم بەرگرییان کرد بە ھاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە توانییان ژمارەیەک خەڵک ڕزگاربکەن و بیانگەیەننە سەر چیای شنگال و کەمپەکان".
سەعدی پیرە گوتبووشی: "ئەمڕۆ پاش ھەوڵێکی زۆری ئیمکانیاتێکی زۆری نێودەوڵەتی و خۆماڵی توانرا ژمارەیەکی زۆر لەو کچ و ژنانە بکڕدرێنەوە،تا ئێستاش ژمارەیەکی دیکەیان بێ سەروشوێنن، ئێزدییەکان مافی خۆیانە بە چاوی گومانەوە سەیری ھەموو پێکھاتەیەکی ئیداری خۆماڵی و دەرەکی بکەن، چونکە لەمێژوودا لە کۆنەوە تا ئێستاش ھیچ پێکھاتەیەک نەمانتوانیووە پارێزگاری نەک لە سەرو ماڵیان بەڵکو لە کەڕامەت و شەرەفیان بکەین، ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ پاراستی ئەو مەترسییانەی لە داھاتوودا دەکەوێتە سەریان".