Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە پلانێكی گشتگیر بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق ئامادەكراوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەعد مەعن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، مستەفا كازمی و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی پلانێكی گشتگیر بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق ئامادەكراوە.
گوتیشی: "حكوومەتی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ كار دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی گشتیی، كۆنترۆڵكردنی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و چالاكتركردنی هەوڵەكانی هەواڵگریی".
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەعد مەعن جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە كاتێك ئاسایشی گشتیی بەدی بێت، ئەنجامێكی باشی بۆسەر ئاسایشی تاك دەبێت و گوتی:
"ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزە ئەمنییەكان بە ئامانجی دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق ئەنجامی دەدەن، بەردەوامە".
ماوەی چەند هەفتەیەكە، هێزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆلەت و دەستگیركردنی داواكراوان لە ژمارەیەك پارێزگا ئەنجام دەدەن.