Heman Husseın Yaseen
22 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
بەمەبەستی دەرچوونی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لە دەشتی نەینەوا، سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە گردبوونەوەیەکیان بە نووسینی چەندین دروشمی جیاوازەوە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و یاداشتێکیان دایە دەست نەتەوە یەکگرتووەکان.
کوردێکی خەڵکی مووسڵ، محەمەد عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە حەشدی شەعبی لە ناوچەکەمان و ئێرانیش لە عێراق بچێتە دەرەوە، چونکە عێراق بووەتە دەوڵەتێکی میلیشیات، وەکو لوبنان بزووتنەوەیەکی مافیای تێدایە، ئەوانە تەعەدا لە خەڵک دەکەن و خەڵک بووەتە کۆیلەی ئەوان، هەموو شتێک لەدەستی خۆیاندایە و بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆ نموونە دەچینە چێشتخانەیەک نان دەخۆن و دوایی بەبێ ئەوەی پارەی بدەن دەڕۆنە دەرەوە و کەس ناتوانێت قسەیان لەگەڵ بکات چونکە هەموو شتێک بە دادگاشەوە لەدەست خۆیانە".
هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەب کە خەڵکی گوندی ناوەرانی سەربە قەزای بەعشیقەیە بەناوی رەعد مەحمود ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کێشەی ئێمە ئەوەیە کە دەسەڵات بگەڕێتەوە ناوچەکەمان و نامانەوێت حەشدی شەعبی لەوێ هەبێت، چونکە دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵک دەکەن، ئاوارەکان ناوێرن بگەڕێنەوە، ئەگەر گوێڕایەڵی ئەوان نەبیت ئەوا بە ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیرت دەکەن، رۆژانە حاڵەتی گرتن هەیە بۆ نموونە من ئامۆزایەکم تەمەنی ٣٠ ساڵە کە پزیشکی ڤێتەرنەرییە و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکراوە و لە رێگای تائیفییەوە دادگایان دەکەن، بۆیەش ئێمە دەمانەوێت لەم چوارچێوەیە بێینە دەرەوە و یاسا لە ناوچەکە بەرقەراربێت".
پارێزەری دۆسیەی پێکهاتەکان ئاماژە بەوە دەکات کە حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا شوێنی پۆلیس و دادگای گرتووەتەوە و ئەمەش وایکردووە کە زۆرترین پێشێلکاریی بەرامبەر پێکهاتەکان لەم ناوچەیە ئەنجام بدرێت.
پارێزەری دۆسیەی پێکهاتەکان ئەیاد کاکەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا هاتوونەتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوا چەند ساڵێکە وەکو برا لە ناوچەکەدا دەژین، بەڵام بەداخەوە هێزێکی نامۆ پەیدابووە کە ئەویش حەشدی شەعبییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارەکان نەوێرن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئێستاش داوا دەکرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم هێزانە دووربخرێنەوە و لەبەرامبەردا هێزی عێراقی و پێشمەرگە شوێنەکانییان پڕ بکەنەوە".
ئەیاد کاکەیی گوتیشی: "حەشدی شەعبی لە هەندێک شوێن، رۆڵی پۆلیس و دادگا دەبینن ئەمەش وایکردووە کە خەڵک هاوار بکات بۆ ئەوەی ئەم هێزانە لە دەشتی نەینەوا دووربخرێنەوە چونکە حەشدی شەعبی رێگرن لە ئاوەدانی و گەشەکردنی ناوچەکەش ھەروەک بوونەتە ھۆکاری نەکێلانی زەوییەکانی دانەوێڵە لەوشوێنانەی کە خۆیان دەستیان بەسەردا گرتووە. بۆیە ھەموو بەیەکەوە داوای دەرکردنی ئەو ھێزانە دەکەین".
لەم گردبوونەوەیەدا، هاووڵاتییان خۆیان لە زوومی کامێراکان بەدوور دەگرت بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان لەلایەن گرووپە میلیشیاتەکانەوە بۆیەش زۆرینەیان نەیانتوانی بۆ دەزاگاکانی راگەیاندن قسە بکەن.