Sarmand Hameed
22 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
لە میانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژانەی لەگەڵ سەرکردە و سەرانی وڵاتانی جیھان و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە داڤۆس سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرھەم ساڵح گفتوگۆییەکی چڕو پڕی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لە پێویستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بە ئاراستەی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا ئاماژەی کردووە بۆ چەسپاندن و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری وەک تاکە رێگەچارەیەک بۆ زامنکردنی ھێنانەدی ئاشتی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا.
بەپێی راگەیەنراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح راشیگەیاندووە، عێراق سوورە لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی ھاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆست و ھاوپەیمانەکانی کە ببێتە مایەی پتەوکردنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆ و بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھەروەھا بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی ئابووری و بنیاتنانەوە و رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ سەقامگیری عێراق و سووربوونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییە ھاوبەشەکان و فراوانکردنی مەودای ھاریکارییەکان لە نێوان عێراق و ئەمریکا کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھەردوو گەل بکات، ھاوکات سەرۆکی ئەمریکا رۆڵی میحوەری عێراقیشی بەرزنرخاند لە ناوچەکەدا.
ھەر لەو دیدارەدا بوونی ھێزە بیانییەکان و کەمکردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواکاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەری نیشتمانیی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێکرا.