Sarmand Hameed
25 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی عێراق لە ئەستۆی ئەواندایە و مل بۆ سەرکێشی و هەنگاوی تاکلایەنە نادەن، هۆشدایشی دا بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک ئەگەر پێویست بکات.
مستەفا کازمی لە تویتێکدا کە بەهەرسێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی: "ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنمان، مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین، بەهێمنی كارمان كردووە بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بەدەڵەوت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووسیوویەتی "داوای هێوركردنەوەمان كردووە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی تری بێهوودە، بەڵام ئامادەی رووبەڕووبوونەوەین ئەگەر پێویست بكات".
ئەم هۆشدارییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە رۆژی سێی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە بۆردمانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
دوای ئەو رووداوە، ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق رووی لە هەڵکشان کرد و لەوکاتەیشەوە چەندینجار هێزەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا کراوەتە ئامانج.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەتایبەت حزبوڵڵای عێراق بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەردا ئێران ئەو تۆمەتانەی واشنتۆن رەت دەکات.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابوو لە کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق و رایگەیاندبوو، ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە ئەگەری زیان گەیاندن بە هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراقدا.