Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسەر و رووناکبیری ناوداری کورد، عیزەددین مستەفا رەسوڵ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
دواتر تەرمەکەی رەوانەی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی کرا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی حکوومی و حزبی و رۆشنبیرانی شارەکە لەوێوە رەوانەی گردی سەیوان کرا و بەخاک سپێردرا.
جەمال عەبدول کەسایەتی دیاری سلێمانی و یەک لە ھاوڕێکانی عیزەددین مستەفا رەسول، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە کەسایەتی و لێھاتوویی کۆچکردوو کرد و بە کەسێکی زیرەک و بەتوانا و لێھاتوو وەسفی کرد و گوتی: "عیزەددین مستەفا رەسول تا دوا چرکەی ژیانی مێشکی وەک خۆی مایەوە و ھیچی لێتێک نەدەچوو، ھەروەھا ھەوڵی داوە لە ھەموو بوارەکاندا بە دوای زانست و زانیاری بگەڕێت و گیانی ھاوکاری خەڵکی تێدا بووە لە بواری نووسیندا".
عیزەددین مستەفا رەسوڵ لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەرەتا لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژە دەستی بە خوێندن کردووە، ساڵی ١٩٣٩ چووتە قوتابخانەوە، ساڵی ١٩٥٨ خانەی مامۆستایان لە بەغدا تەواو دەکات و دواتریش درێژەی بە خوێندن داوە و خوێندنی دکتۆرای تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٤٧ دەچێتە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتر لە ساڵی ١٩٤٩ چووەتە نێو حزبی شیوعی عێراقەوە.
ساڵی ١٩٩٢ بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
پڕۆفیسۆر عیزەددین مستەفا رەسوڵ خاوەن چەندین کتێب و بابەت و لێکۆڵینەوەیە لەسەر مێژووی ئەدەبی کوردی.