Hawkar Yaseen
03 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2022
هەولێر - AA
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەربارەی پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی فرۆشتنی نەوت و گاز بەشێوەی سەربەخۆ، هێشتا باسی گەرمی شەقامی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانە و پسپۆرانی یاسایی و دەستووریی و ئابووریی لێکدانەوە بۆ لێکەوتەکانی بڕیارەکە دەکەن.
راگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کاوان ئیسماعیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی گوتی: "ئەو بڕیارە کۆمەڵێک کێشەی یاسایی تێدایە و پەلەپەلیشی پێوە دیارە، دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەو کێشە و کۆسپ و تەگەرانەی لەم بڕیارەدا هەیە، جێبەجێکردنی ئەستەمە و ناکرێت جێبەجێ بکرێت، ئەوانەی لە پشتی بڕیارەکەن هۆکاری سیاسین و کاتەکەشی کاتێکی گونجاو و باش نییە، چونکە لەسەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیداین".
گوتیشی: "بەبڕوای ئێمە ئەم بریارە جێبەجێ ناکرێت و دەمێنێتەوە وەک یەکێک لەو بڕیارانەی دیکەی دادگای فیدراڵیی، بۆ نموونە لە پێشتر دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ ماددی ١٤٠ کەچی تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و وەک خۆی ماوەتەوە".
دوای دەرچوواندنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، بڕیارەکە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و رەچاوی مافی هەرێمی کوردستان نەکراوە تیایدا، دەربارەی ئەم بۆچوونە راگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کاوان ئیسماعیل رایگەیاند "ئێمە ناتوانین بڵیین ئەم بڕیارەی دادگا نایاسایی و نادەستووریی یان دەستوورییە، ئەم بڕیارە کۆمەڵێک کێشەی یاسایی تێدایە و ئەم کێشانەش دەبنە رێگر بۆئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە ئەم بڕیارە کە دەرچووە پەنای بردووەتە بەر یاسای کۆن ئەم یاسایانە روحی فیدرالییان تێدا نییە بە گیانێکی فیدراڵیی نەنووسراونەتەوە یاسای ساڵی ١٩٧٦ە، یاخود شتی وای تێدایە ئەستەمە جێبەجی بکرێت بۆ نموونە کۆمپانیاکانی نەوت پابەند دەکات لە کاتێکدا هەموومان دەزانین ئەو کۆمپانیایانە ئامادەییان تێدا نییە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەکانیاندا بکەن، چونکە ئەوان لایەنێک نین لە کێشەکە ".
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا پاڵپشت بە دەقێکی دەستووریی دادگا بڕیارەکەی داوە، دکتۆر کاوان ئیسماعیل گوتی: "بەڵێ پاڵپشت بە دەقێکی دەستووریی ئەم بڕیارە دەرکراوە، بەڵام شیکردنەوە و لێکدانەوەکەیان هەڵەیە، ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانە، بەڵام ئەوان کردوویانە بە دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی مەرکەزیی".
گفتوگۆی گەرمی شەقامی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگایە لەسەر هەرێمی کوردستان و ئایندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەندێک بۆچوونیش هەیە دەڵیت بڕیارەکەی دادگا مەترسییە بۆسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئەم پرسانە راگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کاوان ئیسماعیل رایگەیاند "بڕیارەکە ناکرێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت تووشی کێشەی زۆر گەورە دەبین، بەڵام مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست نابێت، چونکە هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی قەوارەیەکی دەستووریی بێت قەوارەیەکی سیاسیی مێژووییە".