ozhin jolla
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2021
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ دووشەممە لە باخچەی قەڵای شاری کەرکووک، دژبە ئازادکردنی یەکێک لە تاوانبارانی دۆسیەی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ناحیەی پردێ، بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵیی مەدەنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، چالاکوانی بواری مافی ئافرەتان، ئاوێزان نوری بەمیدیاکانی راگەیاند، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، دادگای باڵای تێھەڵچوونەوەی عێراق، پاش فشار و دەستتێوەردانی سیاسیی لە دادگا، لەسەر کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناحیەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک، دادگا تاوانباری سەرەکی تاوانەکەی ئازادکرد.
ئاوێزان نوری راشیگەیاند، ئێمە وەک بەشێک لە گرووپ، رێکخراو و کۆمەڵەکانی داکوکیکار لە مافی ھاووڵاتییان دژی ئەو بڕیارەی دادگا دەوەستینەوە و داوا دەکەین رێگا نەدرێت دەستوەردانی سیاسیی لەو کەیسە بکرێت.
بەپێی نووسراوی ژمارە ٢٧٨ج کە لە رۆژی ٩\١١\٢٠٢٠ دەرچووە، دادگای کەرکووک بەپێی مادەی ٣٩٣ی یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی سزادانی عێراقی بڕیاری زیندانی ھەتا ھەتایی بۆ دوو تاوانباری رووداوەکەی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو دەرکرد کە دەستدرێژی سێکسیان کردبووە سەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناحیەی پردێ.
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، دوو کەس دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناحیەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک، ئەو رووداوەیش کاردانەوەی توندی لەلایەن ھاووڵاتییان و بەرپرسانی حزبی و حکوومییەوە لێکەوتەوە و ھەر لە پاش رووداوەکەیش، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی کرد لەسەر رووداوەکە کە لە ھەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی بکرێت، دواتر ئەو خێزانە گواسترانەوە بۆ شاری ھەولێر و لەئێستادا لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن.