Zana Natık Kerem
04 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی نەبنی، ھادی عامری ڕایگەیاند کە ھیچ دەرفەتێک بۆ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەماوە و داواشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکات.
نووسینگەی ڕایگەیاندراوی سەرۆکی ھاپەیمانی نەبنی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ھادی عامری لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە ھێرشەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا لە عەکاشات و قائیم ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار کوژران، ڕایگەیاندووە: "ھیچ دەرفەتێک بۆ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەماوە، بە تایبەتیش دوای ئەو تاوانەی کە ئەنجامیانداوە".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەروەھا سەرۆکی ھاوپەیمانی نەبنی، ھادی عامری گوتوویەتی: "پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکات".
ھادی عامری باسی لەوەش کردووە: "ئێمە باوەڕامن بە گفتوگۆکان لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا نییە و دەبێت بەپەلە لە عێراق دەربکرێن".
جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە موجامەلەکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان، ناپاکییە لە خەڵکی عێراق و گوتوویەتی: "دەستدرێژییەکەی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، زەمینەخۆشکەرە لە گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ گۆڕەپانەکە".
گوتیشی: "ئەمریکا، گەورەترین پاڵپشتیکارە لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ھەر کوێی بێت، ئێمە ئامادەین ڕووبەڕووی ببینەوە".
دەرنگانی شەوی ٢ی ئەم مانگە، فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە میانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسماننیدا، ٨٥ ئامانجی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە لە ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ژمارەیەک بارەگاکانیان لە ئەنبار، ١٦ چەکداری حەشد کوژراون و ٣٦ی دیکەش برینداربوون.