Bekir Aydoğan
23 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر – AA
مانگی سووری تورکی، لە شاری ھەولێر ھاوکاریی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کرد کە لافاوەکەی ھەفتەی رابردووی شارەکە زیانی پێگەیاندبوون.
سەرۆکی نوێنەرایەتی مانگی سووری تورکی لە عێراق، فەرھاد سورمەلی، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ مانگی سووری عێراقی، لە شارەدێی قوشتەپە ھاوکارییان دابەش کردووە.
فەرهاد سورمەلی، راشیگەیاند کە کۆی گشتی دوو ھەزار پارچه پۆشاکی زستانە، ٥٠٠ بەتانی، ٣٨٠ کیسەخەو و دوو ھەزار جووت گۆرەوییان دابەش کردووە.
لە ھەولێر، بەھۆی بارانی بەلێزمەوە رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم، لافاو لە چەند گەڕەکێک روویدا و گیانلەدەستدانی ١٢ کەسی لێکەوتەوە.
ماوەی پێنج رۆژە ھەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی دوو کەس کە بەھۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، بەردەوامە.