Bestami Bodruk
04 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2021
دیاربەکر - AA
شارۆچکەی چنار لە پارێزگای دیاربەکر دەکەوێتە چەقی ئەو رێگا گەشتیارییەی لە مێزۆپۆتامیا-دا بە سێگۆشەی زێڕین ناسراوە و شوێنەواری تایبەت بە چەندین شارستانییەتی جیاوازی لێیە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، قایمقامی شارۆچکەکە، گوهەر سینەم بویوکناڵچاجی باسی لەوە کرد کە بۆ زیاتر ناساندنی شوێنەواری مێژوویی و ناوچە گەشتیارییەکانی شارۆچکەی چنار، چەند پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە و رایگەیاند: "شارۆچکەی چنار دەکەوێتە چەقی سێگۆشەی زێڕینی مێزۆپۆتامیا کە لە دیاربەکر، ماردین و ئورفا پێکدێت. دەمانەوێت بە بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە شارۆچکەکە بکەینە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ. قەڵای زەرزەوان کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە لەگەڵ پەرستگای میتراس دەکەونە ئەم شارۆچکەیەوە هەروەها چەندین کڵێسا و پەناگەی تیادا کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. بەڵام گرنگترین شوێنەواری ئێرە پەرستگای میتراس-ە کە لە لیستی کاتی رێکخراوی یونسکۆدایە. لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٦٩ هەزار گەشتیاری بیانی و ٣٥٠ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی سەردانی شارۆچکەی چنار-یان کردووە".
گوهەر سینەم بویوکناڵچاجی ئاماژەی بەوەشدا کە لەپاڵ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان لە مانگی ئاداردا پڕۆژەی درووستکردنی رێگای پیادە لە مێرگوزاری کاراسو ئەنجامدەدەن کە ناوچەیەکی پڕ لە سەوزاییە و چەندین تاڤگه لەخۆدەگرێت.
هەروەها قەڵای زەرزەوان شیرینییەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بەناوی "شیرینی زەرزەوان" تۆمارکراوە و قایمقامی شارۆچکەکە دەیەوێت لەڕێی پڕۆژەیەکەوە ئەم شیرینییە بە سهرانسهری تورکیا بناسێنێت.
دیاربەکر.. شارۆچکەی چنار ناوچەیەکی پڕ لە شوێنەواری مێژوویی