ھەولێر
بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٦ی نیسان وەکو رۆژی "ژینگەی کوردستان" دەست نیشانکراوە لە رۆژی ٢٠٠٨/٤/٧.
لە دەستپێکی کار و چالاکییەکانی ئەو رۆژەدا، لە رێورەسمێکدا لە (سەنتەری رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەلاحەدین) لە شاری ھەولێر، دەستەی ژینگە بە ھاوکاری ١٠ خوێندنگە و ١٠ رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، لە پێشانگایەکدا ژینگەی کوردستان نمایشکرا.
لەو پێشانگایەدا کەلوپەلی کەلتووریی و ئامرازی ژیانی گوند، تێکەڵاوی خەڵک لەگەڵ ژینگە، چیاکانی کوردستان نمایشکرابوون ھەروەھا کاری دەستیی ھەندێ لە خوێندکارانیش خرابوونە بەرچاوی بەشداربووان.
سەمەد محەمەد، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا لە سەردەمی داگیرکاریدا تەنیا دانیشتوانەکەی نا بەڵکو ژینگەکەیشی بە سەرجەم پێکھاتەکانیەوە رووبەڕووی وێرانکردن و خراپی بووبۆوە. ئێمە دەبێ رۆژی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان بەرز راگرین.
سەمەد روونیکردەوە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئوتۆمبیل، کارگە، بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بە شێوازی نا زانستی و بەفیرودانی ئاو و کارەبا، ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە و لەبەردەم مەترسیدایە.
ئەو ئاشکرایکرد: تائێستا چەند کۆمپانیایەکیان سزا داوە بە پارە کە بوونەتە هۆی پیسکردنی ژینگە.