Saad Hewrami
21 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2016
دوای ئەوەی کە ٢٢ی نیسان وەکو رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دیاری کرا، ئێستا ھەموو ساڵێک لەو رۆژەدا ناوەندە ئەکادیمیەکانی کوردستان چەندین چالاکی رۆژنامەگەری ئەنجام دەدەن. سینەم جەلادەت بەدرخانیش دەڵێت "دیاریکردنی ٢٢ی نیسان وەکو رۆژی رۆژنامەگەری کوردی مانای ئەوەیە کە گرنگی بە رۆژنامەگەری و رۆژنامەی کوردستان دراوە و تەنانەت ئەو کەسەی کە رۆژنامە ناخوێنێتەوە دەزانێت کە ئەو رۆژە رۆژی رۆژنامەگەری کوردییە و لەو رۆژەدا یەکەم رۆژنامەی کوردی دەرچووە".
١١٨ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان لە قاھیرەی پایتەختی میسر لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکان و لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچوو.
سینەم بەدرخان، کچی جەلادەت بەدرخان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "دەرچوونی ئەو رۆژنامە پێش ١١٨ ساڵ مانای ئەوەیە کە کورد ھەمیشە ئارەزووی لە پەروەردە و خوێندن بووە، بەڵام بەداخەوە کە ئەو رۆژنامەیە لە کوردستان دەرنەچوو بەھۆی ئەوەی کورد بنەدەست بووە و نەیتوانیوە لە وڵاتی خۆی ئەو رۆژنامەیە دەربکات".
بنەماڵەی بەدرخانیەکان خەڵکی شاری جزیرێن و ھەر ئەو بنەماڵەیە بوون کە ئیمارەتی بۆتانیان لە ساڵی ١٨٣٠ دامەزراند، بەڵام پاش ئەوەی کە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی تووشی شەڕ دەبن رادەگوێزرێن و ھەر ئەوەیش وایکرد کە نەتوانن لە وڵاتی خۆیاندا رۆژنامەکەیان دەر بکەن".
لەوبارەوە سینەم بەدرخان دەڵێت "ئەو کاتە بنەماڵەکەمان پەنابەر بوون لە نێوان ئەستەنبوڵ و لوبنان و میسردا، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا دەرفەتێکی باش ھەبوو کە ئەو رۆژنامەیە لەو کاتەدا لەوێ دەربکەن".
سینەم بەدرخان ئاماژە بەوەدەکات کە بنەماڵەکەیان حەزیان لە پەروەدە و خوێندن دەکرد و پێیان باش بووە کە میللەتی کورد خوێندەوار بێت و دەڵێت "ھەرچەندە ئاستەنگی زۆر ھەبوو لە بەرەدەم بنەماڵەکەمان، بەڵام ئەوان دیسان ئەو رۆژنامەیان دەرکرد و ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ ئێمە وەکو بەدرخانیەکان کە پێشەنگ بووین لە دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا".
سینەم بەدرخان دەڵێت "رۆژنامەی کوردستان ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو کە ژمارە یەک تاوەکو ژمارە پێنج لە قاھیرە و ژمارە شەش تاوەکو ١٩ لە جنێڤ و ٢٠ تاوەکو ٢٣ دووبارە لە قاھیرە و ٢٤ لە لەندەن و ٢٥ تاوەکو ٢٩ لە ئەڵمانیا و ٣٠ و ٣١یش دووبارە لە جنێڤ بڵاوکرانەوە".
سەبارەت بە ھۆکاری پچڕپچڕ دەرچوونی رۆژنامەکە و دەرچوونی لە چەند وڵاتێک سینەم بەدرخان دەڵێت "بەھۆی ئەوەی کە میسر و ھەموو ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بووە، رەنگە لەو کاتەدا رێگەیان نەدابێت کە ھەموو ژمارەکان لە میسر دەربچن بەتایبەتی کە بەناوی کورد و کوردستانەوە بووە".
ھەرچەندە رۆژنامەی کوردستان لە وڵاتێکی وەکو میسر دەردەچوو کە زۆر لە ناوچە کوردییەکانەوە دوور بوو، بەڵام رۆژنامەکە دەگەیشتە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و خوێنەرێکی زۆریشی ھەبوو.
سینەم بەدرخان لەوبارەوە دەڵێت "رۆژنامەکە لە رێگەی شەمەندەفەر و کەسی تایبەتەوە دەگەیشتە کوردستان، چونکە ئەو کاتە ناوچەکە ھەموو لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوو، بۆیە ریگەی ھاتوچۆ ھەبوو بۆ ناوچەکانی دیکە و بەوەیش رۆژنامەکە دەگەیشتە دەست خوێنەران".
رۆژنامەی کوردستان بەلای کوردەوە جێگەی بایەخ و گرنگی بووە، ھەرچەندە دەرخەرانی رۆژنامەکە لەدەست دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتە رایانکردبووە میسر، بەڵام رۆژنامەکە تەنیا بابەتی سیاسی تێدا نەبووە و رۆژنامەیەکی ھەمەڕەنگ بووە.
سینەم بەدرخان دەڵێت "رۆژنامەکە رۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە مەسەلەی پەروەردە و خوێندندا و کورد زۆر پێیان خۆشبوو کە ئەو رۆژنامەیە لەو کاتەدا دەرچوو. رۆژنامەکە باسی ئایین و شیعری شاعیران و ناودارانی کورد و مێژووی کورد و کوردستانی دەکرد".
سینەم بەدرخان ئاماژەشی بەوەدا کە ھەموو ژمارەکانی رۆژنامەی کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکانەوە دەرچوون، کە دواژمارەی لەلایەن سورەیا بەدرخان و ژمارەکانی دیکەش لەلایەن میقداد مەدحەدت بەدرخان و عەبدولرەحمان بەدرخانەوە دەرچوون.
سینەم بەدرخان دەڵێت "دوای رۆژنامەی کوردستان بنەماڵەی بەدرخانیەکان وازیان لە کاری رۆژنامەگەری نەھێناوە و لە ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٣٢ جەلادەت بەدرخانی باوکم گۆڤاری ھاواری لە دیمەشق دەکرد و کامەران بەدرخانیش ھەردوو رۆژنامەی ستێر و رۆژا نوی لە لوبنان دەرکرد".
دوای چەندین ساڵ بەسەر دەرچوونی دوا ژمارەی رۆژنامەی کوردستاندا، دکتۆر کەمال فوئاد ویستی ئەو رۆژنامەیە لە لەناوچوون بپارێزێت و ئەوەبوو چووە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بەدوای ژمارەکانی رۆژنامەکەدا بگەڕێت.
سینەم بەدرخان دەڵێت "ئێمە خۆمان بە قەرزاری دکتۆر کەمال فوئاد دەزانین کە لەسەر ئەرکی خۆی چووە ئەڵمانیا و ھەموو ژمارەکانی جگە لە ژمارە ١٩ی کۆکردەوە و ئێستاش ژمارەکانی لە یەک موجەلەددا پارێزراوە".
رۆژنامەی کوردستان لەلایەن رۆشنیران و لێکۆڵەرەوان و قوتابی و مامۆستایانی زانکۆوە گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت تاکو ئێستاش چەندین نامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لەسەر نووسراوە.
سینەم بەدرخان دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان ھاتووەتە لای من بۆ ئەوەی سەرچاوەیان پێ بدەم لە توێژێنەوەکانیاندا بەکاری بھێنن کە تاوەکو ئێستا چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرا و چەندین توێژنەوەی دیکەی بەکالۆریۆس لەسەر ئەو رۆژنامەیە نووسراون".
لە ئێستادا سینەم بەدرخان لە ماڵەکەی خۆی چەندین بەڵگەنامە و دۆکیومێنی نووسراوی کۆنی تایبەت بە رۆژنامە کوردستان و بنەماڵەکەی خۆی ھەیە و بەگوتەی خۆشی دەیەوێت مۆزەخانەیەکی تایبەت بەناوی بەدرخانیەکانەوە بکاتەوە.
سینەم بەدرخان لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو شتەی کەلای منە ھی منە و ھی میللەتی کوردە و دەمەوێت لە داھاتوودا مۆزەخانەیەکی تایبەت بە بەدرخانیەکان دروست بکەم و ھەموو ئەو نووسین و دۆکیومێنتانەی کە لای منن لەوێدا دایان بنێم بۆ ئەوەی بۆ ھەمیشە بمێننەوە و خەڵکیش بتوانێت سوودیان لێوەرگیرێت".