سلێمانی
فێستیڤاڵەکە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند، لەو ڕۆژانەدا ٢٦ دەقی شانۆیی لەناو پارک و شەقامەکانی ئەو شارەدا نمایشکران، سەدان کەس بینەری نمایشەکان بوون.
بێجگە لە شانۆکارانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، شانۆکارانی ھەر یەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەرجەنتین، چیلی، ئێران، میسر، عێراق بە پێشکەشکردنی کاری ھونەریی بەشدارییان کرد.
حەسەن محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕۆشنبیریی دەرەبەندیخان و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ جیاوازتر بوو لەساڵانی پێشوو لەڕووی بەشداریی بینەرو تیپەکان و دەستپێکەوە، ژمارەی تیپە بەشداربووەکانی ناوخۆو دەرەوە دوو ھێندەی ساڵی ڕابردوو بوون."
دوای بەڕێوەچوونی چوارەمین ساڵی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لەدەربەندیخان، ئێستا داوا دەکرێ ئەو شارە بکرێتە پایتەختی شانۆی سەرشەقام لەھەرێمی کوردستان و عێراقدا.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕۆشنبیریی دەرەبەندیخان لەوبارەیەوە گوتی: "داواکاری ھەیەو کار بۆ ئەوە دەکەین دەربەندیخان بکەینە پایتەختی شانۆی سەرشەقامی عێراق، بۆئەو مەبەستەش ھەوڵەکانمان دەست پێدەکەین و سەردانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقیش دەکەین."
لەڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵدا ئاڵای عێراق لە سەردەمی حوکمڕانێتی سەدام حوسێن، لەنێو ئاڵای وڵاتانی بەشداربوو ھەڵدرابوو، ئەوەش بووە ھۆی نیگەرانی نووسەرو ڕۆژنامەنوسانی ناوچەکەو لەدژی ئەوە بەیاننامەی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە. لەلێدوانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ داوای لێبوردنی کردو گوتی: "ھەڵەیەک بووەو بە ئەنقەست ئەو کارە نەکراوە."
لەچوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام، ھیچ تیپێکی شانۆی تورکیای بەشدارییان نەکردبوو، حەسەن محەمەد لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمساڵ و پاریش تیپێکی شانۆی شاریی دیاربەکرمان داوەتکرد، بەڵام نەیان توانی ئامادەبن."
بەڵقیس دۆسکی، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بەو جۆرە فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی ھەڵسەنگاند: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زیاتری گروپی شانۆیی و بینەر ئامادە بوون، دیارە شانۆی شەقام دیکۆرو ماندوو بوونی زۆری ناوێ، بەڵام پێویستە ماوەی شانۆکان کورت و ماناداربن تاسەرنجی خەڵک بۆلای خۆیان ڕاکێشن."
بەڵقیس ماوەی ٤٦ ساڵە لەبواری شانۆو نواندن کاردەکات، یەکەمین ژنی کوردە لەکوردستانی عێراق لەسەر شانۆ کاری کردووە.
عەبدولی حەمەجوان، ھونەرمەندێکی دیکەی بەشداربووی فێستیڤاڵ گوتی: "یەکێ لەخەونەکانی شانۆکاران ئەوە بوو ئەم فێستیڤاڵە ببێتە ساڵانەو بە نێودەوڵەتی بکرێت، ئەوەش دەبێتە ھۆی ناساندنی کولتوورو ھونەری کوردی بەجیھان و ھونەری ئەوان بەکوردستان، لەفێستیڤاڵدا کاری جوان پێشکەشکران، بەڵام ئەمساڵ تیپەکانی خۆمان کاری جوانتریان کردووە لەڕووی بیرۆکەو نواندن و ئەکتەرەوە."
دڵشاد حسێن ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھۆکارەکانی باشتربوونی شانۆکارانی ھەرێمی کوردستان بۆ AA گوتی: "پێشتر ھونەرمەندانی خۆمان نەیاندەتوانی ئەو ستایلە بدۆزنەوە کەبۆ شانۆی سەرشەقام دەشێ، بەڵام دوای چوار فێستیڤاڵ ئێستا تێگەیشتنییان بۆ شانۆی شەقام زیاترە."
فێستیڤاڵەکە لەسەر شێوازی پێشبڕکێ بەڕێوەچوو، لەکۆتاییدا باشترینەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستانو وڵاتانی دەرەوە لەلایەن لیژنەی داوەریی فێستیڤاڵەوە دەست نیشان و خەڵاتکران، باشترین بەرھەم، باشترین دەرھێنان، باشترین ئەکتەری کوڕو کچ لەگەڵ باشترین بیرۆکە.
خەڵاتەکان:
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ سایە حوسێن لەشاری ھەولێر.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ لەدەرەوەی ھەرێم بۆ رۆستی بۆفە لەشانۆی ئەرجەنتین و فەرەنسا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ لەناو ھەرێم بۆ فەرەیدون محەمەد لەشاری کۆیە.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ لەدەرەوەی ھەرێم بۆ ئەحمەدسەمینی لە ئێران.
ـ خەڵاتی باشترین بیرۆکە لەسەر ئاستی ناوخۆ بەخشرایە کەمال حەمەڕەشید لەشانۆی پێڵاوەمەزنەکە - دەربەندیخان.
ـ خەڵاتی باشترین بیرۆکە بۆ وڵاتانی دەرەوە درایە شانۆکارانی ئیتاڵیا.
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنان لەناوخۆ درایە نێچیرڤان کەرکو لەشاری دھۆک.
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنان لەدەرەوە درایە سامان خەلیلیان - ئێران.
ـ خەڵاتی باشترین بەرھەم بۆ شانۆی "نمایش ناکرێ" بەرھەمی شانۆکارانی شاری ھەولێر.
- خەڵاتی باشترین بەرھەم بۆ شانۆی بازی گوش، بەرھەمی شانۆکارانی ئێران.