فێستیڤاڵەكە یەكەمین فیستیڤاڵی فیلمی منداڵانە كە لەلایەن ماڵی سینەما بە هاوكاری یەكێتیی ژنانی كوردستان و ئاژانسی میدیا لە سەرەتای مانگی داهاتوو بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە باوەر لاندۆن كە منداڵێكی تەمەن 13 ساڵانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی فێستیڤاڵەكەوە گوتی: "مایەی خۆشحاڵیمانە بۆ یەكەمجار لە كوردستان دەتوانین فێستیڤاڵێكی لەو شێوەیە بكەین كە هەموو بەشداربووانی منداڵن، ئەوەش بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی جیهان فێستیڤاڵێكی تایبەت بە فیلمی منداڵان و بە شێوەیەكی جیاواز بەڕێوە دەچێت كە بەڕێوەبەر و لیژنەی ئامادەكار و لیژنەی هونەری و راگەیاندنەكەی هەموو منداڵن".
لاندۆن گوتی: "دەمانەوێت بە بیروبۆچونی منداڵانەی خۆمان فێستیڤاڵەكە بەڕێوە ببەین و خزمەتێك بە جیهانە جوانەكەی منداڵان بكەین".
یەكەم رۆژی فیستیڤاڵەكە لە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی و دواتر لە رۆژانی 2- 3 ی حوزەیران لە هۆڵی تەوار بەڕێوە دەچێت و داهاتەكەی بۆ منداڵانی نەخۆشی توشبوو بە شێرپەنجە و منداڵانی رۆژئاوا تەرخان دەكرێت. بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئابیش فیستیڤاڵەكە ببێتە میوانی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەو شارە نمایش بكرێت.
بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەكە ئاماژەی بەوەش كرد فیستیڤاڵ دەكەنە دیاری بۆ ئەو منداڵانەی لە كارەساتی سینەمای شەهرزادی عاموودا بوونە قوربانی. لە 12 وڵاتەوە فیلم گەیشتووەتە دەست بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵ كە بریتین لە وڵاتەكانی توركیا، ئێران، جۆرجیا، سووریا، بەریتانیا، فلیپین، كۆستەریكا، هیندستان، نەرویج، كۆریای باشوور، بەلجیكا، هەرێمی كوردستان). فیستیڤاڵەكە لە دوو بەشی داستانی و ئەنیمەیشن، پێك هاتووە.
هۆزیا عەتا منداڵێكی بەشداربووی فیستیڤاڵەكەیە و تەمەنی تەنها 10 ساڵانە، ئەو وەك فۆتۆگرافەری فێستیڤاڵەكە كار دەكات و لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بە بەشداریكردنی فیستیڤاڵەكە و لە ئەستۆگرتنی كاری فۆتۆگرافی تایبەت بە فێستیڤاڵ.