Serdar Bıtmez
06 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2022
دۆحە ــ AA
سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA)، جیانی ئینڤانتینۆ رایگەیاند، پاڵەوانێتی جامی جیھانی ٢٠٢٢ کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، دەبێتە باشترین مۆندیاڵ کە تا ئێستا ئەنجام درابێت.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، جیانی ئینڤانتینۆ لە میانی چالاکییەکانی خولی پێنجەمین کۆڕبەندی بەھێزکردن کە لەلایەن لیژنەی باڵای پڕۆژەکان و میرات سەربە حکوومەتی قەتەر لە دۆحە لەژێر ناوی "پاڵەوانێتی بۆ ھەمووان" سازکراوە، ئاماژەی بەوەداوە " ھەشت یاریگاکە بۆ مۆندیال بە بەرزترین پێوەر دروستکراون، بۆ ئەوەی بەبێ بەربەست و بە ئاسانی لەناو یاریگاکاندا سەیری یارییەکان بکرێت".
قەتەر لە ٢٠ی تشرینی دووەم، تا ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی داھاتوو، میوانداری مۆندیالی ٢٠٢٢ دەکات کە بۆ یەکەمجارە لە وڵاتێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی (FIFA) گوتیشی: "مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر لەڕووی ھاتوچۆوە، زۆر ئاسان و گونجاو دەبێت، بەروارد بە مۆندیالەکانی رابردوو کە لە ساڵی ١٩٣٠وە لەلایەن فیفاوە رێکدەخرێن".
باسی لەوەیش کردکە زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ کەس وەک خۆبەخش راھێنراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەن پێداویستە تایبەتەکان.
کۆڕبەندی بەھێزکردن، گرنگی بە خاوەن پێدوایستییە تایبەتەکان دەدات بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی و دروستکردنی میراتێکی بەردەوام بۆیان.
رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە رایانگەیاندووە کە لەڕێگای ئەم دەستپێشخەرییەوە، ھاندەرانی نابینای تۆپی پێ چێژ لە ئەزموونی رێورەسمی کردنەوە و کۆتایی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرن، ئەوەیش لەڕێگای خزمەتگوزارییەکانی وەسفکردنی دەنگییەوە کە بۆ یەکەمجارە بەکاردەھێنرێن.
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی لیژنەی باڵای پڕۆژەکان و میرات کە بەرپرسە لە ژێرخانی پاڵەوانێتییەکە، حوسێن زوادی رایگەیاندووە "لە دوو ھەفتەی داھاتوودا، ھەوڵەکانی کۆڕبەندەکە دەبینین، لەوەی چەند ئاسانکاریی بۆ ھەمووان کردووە بۆ ئەوەی دەستیان بەسەرجەم چالاکییەکانی مۆندیالدا بگات".
گوتیشی: "ھەر لەسەرەتای دانانی پلانی مۆندیالدا، پابەندبوون بە بەھێزکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ دەستگەیشتن و چێژوەرگرتن لە ھەموو ئاسانکارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە دڵی کارەکانماندا بووە، نەک تەنھا لە ماوەی مۆندیالدا، بەڵکو ویستمان ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داھاتوویش بەردەوام بێت".