Sayim Harmancı
23 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2023
هەکاری - AA
ساڵانە لە هەکاری لە رێگەی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، هەزاران منداڵ فێرە لقە جیاوازەکانی وەرزش دەکرێن.
لە هەکاری بە بایەخەوە لەو خولانەی پشووی هاوینە دەڕوانرێت کە ئامانج لێیان ئەوەیە زۆرترین منداڵان فێری وەرزشە جیاوازەکان بکرێت. ئەو منداڵ و گەنجانەی ناویان لە خولەکانی وەک تۆپی پێ، تۆپی باسکە، تۆپی بالە، کیک بۆکسینگ، زۆرانبازی، تێنسی سەر مێز تۆمار دەکەن، بەو راهێنانانەی کە وەریدەگرن، بۆ داهاتوو ئامادە دەکرێن.
منداڵان و گەنجانی شارەکە لە رێگەی ئەو خولانەی بە دەستپێشخەریی وەزارەتی وەرزش و لاوانی تورکیاوە کراوەتەوە، لە مەلەوانگەی نیمچە ئۆڵۆمپیی قەزای پەهلیوان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنرێت فێری مەلە بن.
بە پاڵپشتی پارێزگاکە، تا ئێستا ١٥ هەزار منداڵ فێری مەلەوانی کراون.
بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی هەکاری، ئەمین یڵدرم رایگەیاند، لە مانگەکانی هاویندا لە قوتابخانە وەرزشییەکانی وەزارەتی وەرزش و لاواندا، لە ٢٥ لقی جیاوازی وەرزشیدا مەشق و راهێنان بە منداڵان کراوە.
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "با هەمووان مەلە بکەین" ١٥ هەزار منداڵیان فێرە مەلەوانی کردووە و رایگەیاند: "ئەمساڵ لە چوار قەزادا مەلەوانگە نیمچە ئۆڵۆمپییە داخراوەکانمان بە رووی قوتابخانە وەرزشییەکاندا کردەوە. لەماوەی ١٥ رۆژدا هەزار قوتابیمان فێری مەلەوانی کردووە. ئامانجمان ئەوەیە لە پشووی هاویندا لانی کەم پێنج هەزار منداڵ و گەنج فێری مەلەوانی بکەین".
یڵدرم گوتیشی: "لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ٧٠ هەزار قوتابیمان بەخۆڕایی فێری خلیسکانێی سەربەفر کردووە. شارەکەمان بووەتە ناوەندێک بۆ فێربوونی لقەکانی وەک شاخەوانی، پەڕەشووت، پایسکلسواری".
- "هەوڵدەدەین وەرزشوانانمان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئامادە بکەین"
راهێنەر ماهیر ئیدەم رایگەیاند کە مەلەکردن بە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١٨ ساڵ دەناسێنن و گوتی: "ئەگەر منداڵەکان بیانەوێت ئامادەیان دەکەین بۆ پێشبڕکێکان. لێرە وەرزشوانی سەرکەوتوو پێدەگەیەنین. هەروەها هەوڵدەدەین وەرزشوانانمان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئامادە بکەین".