ئەنبار
بەرپرسانی ئەمنی عێراق رایانگەیاند: لە پارێزگای ئەنبار ئۆپەراسیۆنێک لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام بەڕێوەچوو و لە ئاکامدا ٢٤ ئەندامی ئەو رێکخراوە دەستگیر کراون.
ژەنەڕاڵ حەسەن بیدانی فەرماندە ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند: "لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا کە سێ رۆژ بەر لە ئێستا دەستی پێکرد، ٢٤ کەس کە گومان دەکرێ ئەندامی رێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شامی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدە بن، دەستگیرکران."
ژەنەڕاڵ حەسەن بیدانی گوتی: "ھەر لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا کارخانەیەکی ئامادەکردنی تەقەمەنیش کۆنترۆلکرا."
بیدانی زیاتر گوتی: "ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن و ئەو چەکدارانەی ئەلقاعیدە کە ھاتوونەتە رۆژئاوای عێراق وەدەر دەنێن."
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا ئەمەش دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بەرەی نوسرا لە سوریا یەکیان گرت و ئەو رێکخراوەیان دامەزراند.