بەغدا
نزیکبوونی مانگی موحەڕەم کە تیایدا ئیمام ئەلحوسێن نەوەی پێغەمبەری خودا محەمەد لە رووداوی کەربەلا شەھید کەوتووە، عێراقیەکان ھاندەدات وشتر بکڕن، بۆ ئەوەی بیکەنە قوربانی لە رێگای خودای ئەو گەردوونە و ئیمام ئەلحوسێن کە ئەو ئاژەڵە ناوی لە قورئانی پیرۆزدا ھاتووە و پێغەمبەری لەسەر پشتی خۆی سوارکردووە.
(عەباس ئەلحلی) کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری وشترە، بۆ AA رادەگەینێ کە ئەو ھەموو ساڵێک ٣ لە وشترەکانی دەکاتە قوربانی لەو بۆنە ئایینیەدا. لەوبارەیەوە گوتی:" بەدرێژایی ساڵێک ئەو وشترانە بەخێودەکەین تاکو لە ساڵی دواتردا بیفرۆشین، جگە لەوە کڕین و فرۆشتنی ئەو ئاژەڵە دەکەین، لەبەر ئەوەی مانگی موحەڕەم خواست لەسەر وشتر زیاد دەکات، بۆ ئەوەی بۆ ئیمام ئەلوحەسەین بیکەنە قوربانی، ھەروەھا ھەندێک کەس لە جەژنی قوربانیش وشتر دەکڕێت بۆ قوربانی کردن، بەڵام ژمارەی کڕیاران لە جەژنەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بەھۆی گرانبوونی ئەو ئاژەڵە".
لەھەمان کاتدا (عەلی ئەلیاسڕی) شوانی وشتر و سەرپەرشتیاری فرۆشتنی ئەو ئاژەڵە، رادەگەینێ کە خەڵکی زیاتر لە مانگی موحەڕەم وشتر دەکوژنەوە، چونکە ناوی لە قورئانی پیرۆز داھاتووە، ئەو ئاژەڵە پێغەمبەر و ھاواڵانی دەگواستەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام، بۆ ئەوەش زۆربەی ئەوانەی پارەیان ھەیە دەخوازن وشتر بکەنە قوربانی لە جیاتی قوربانیەکانی تر لە مانگی موحەڕەم. ئەلیاسری لەوبارەیەوە بۆ AA گوتی" لە پارێزگاکان خواست لەسەر کڕینی وشتر زۆرە، خەڵکی لە باشووری عێراق ھاتوونەتە ئێرە وشتریان کڕیووە، بۆ ئەوەی بیکەنە سەدەقە، لەوبارەیەوە دەستکەوتی باشمان ھەیە".
ئەلیاسری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی" نرخی وشترێک لە ٢ ملیۆن دیناری عێراق دەست پێدەکات و تا ١٢ ملیۆن بەرز دەبێتەوە، لە کرینیشدا حساب بۆ کێش، جۆر و تەمەنی وشتر دەکرێت، زۆربەی ئەو وشترانەی لای ئێمە دەفرۆشرێن نرخەکانیان مام ناوەندیە، تەنیا دەوڵەمەندەکان وشتری گران دەکڕن".
ھەر لەمبارەیەوە (حەیدەر ئەلموسەوی) کە خاوەنی چەند وشتر و بەرخێکە بۆ AA گوتی" ماوەی ٢٠ ساڵە ئەوە کاری منە کە لەباوک باپیرانەوە بۆم ماوەتەوە، وشتر ھەموو ساڵێک زاوزێ دەکات، ئێمە بەخێوی دەکەین و بۆ کوشتنەوە ئامادەی دەکەین، شوێنی وشتر لە ھاوین و زستان جیاوازە، جگە لەوە گرنگیان پێدەدەین بۆ ئەوەی نەخۆش نەکەون و لاواز نەبن، لە وەرزی بۆنە ئایینیەکان خواست لەسەر ئەو ئاژەڵە زۆر دەبێت. بەتایبەتی لە مانگی موحەڕەم"
عێراقیەکان خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە مانگی موحەڕەم لە سێشەممەی داھاتوو ئامادە دەکەن کە یەکەم مانگی ساڵی کۆچیە و گرنگیەکی زۆری لە دەروونی عێراقیەکان ھەیە بەھۆی ئەو رووداوە گرنگانەی لە مێژووی ئیسلام لەو مانگە روویانداوە، کە گرنگترینیان کۆچکردنی پێغەمبەر لە مەککە بۆ مەدینە، ھەروەھا رووداوی تەف لە کەربەلا کە تیایدا ئیمام ئەلحوسێن کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب تیایدا کوژرا.