برۆکسەل
ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمیتەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا راپۆرتی خۆی سەبارەت بە ھەنگاوەکانی تورکیا بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا ئاشکرا کرد و پاکێجی دیموکراتیزەکردنی تورکیا کە لە ٣٠ی مانگی رابردوو ئاشکرا کرابوو، بە ھەنگاوێکی باش و ئیجابی لە قەڵەم دا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا باسی ئەوە کراوە حکومەتی تورکیا بەڵێنی داوە بۆ بەھێزترکردنی دیموکراسی لە تورکیا ھەنگاوی زیاتر بنێت و پاکێجی دیموکراسیش لە چوارچێوەی ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپادا ئامادە کراوە.
لەو راپۆرتەدا باسی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی دادوەریی تورکیا کراوە و نووسراوە: ئەگەر گۆڕانکارییەکانی نێو پاکێجی سێ و چواری دادوەری تورکیا لە چوارچێوەی ستانداردەکانی ئەوروپادا جێبەجێ بکرێن، ئەوا خزمەتێکی یەکجار بەرچاوی ئازادی رادەربڕین لە تورکیا دەکەن.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە راپۆرتەکەی خۆیدا ئاماژەی بە رووداوەکانی پارکی گەزی داوە، ھەرچەند ئەو رووداوانە بۆ دژایەتیکردنی پرۆژەیەک لە ئیستەنبۆڵ دەستیان پێکرد، بەڵام بەشارەکانی دیکەشدا بڵاو بوویەوە و خۆپیشاندەران لە نێوان خۆیاندا ھەر چەند کەمیش بێ بەڵام توندوتیژییان بەکار ھێناوە.
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکیا چالاکن، خۆپیشاندانەکانی مانگی گولان و حوزەیران ئەوەیان سەلماند کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا چالاکن و خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی سەلمێنەری ھەبوونی رۆحیەتی ھاووڵاتی چالاکە لە تورکیا.
یەکێتی ئەوروپا باسی ئەوە دەکات لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ھێزە ئەمنییەکان ھێزیان بەکار ھێناوە و بەھۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە لێکۆڵینەوەی ئیداری دەستی پێکردووە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا پێشنیار کراوە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان- حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی ئۆرگانیزەتر و بەھێزتر بکرێ.
پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و دەسەڵاتی مەدەنی کە خاڵێکی گرنگە بۆ ئەوروپا لە راپۆرتەکەی ئەمجارەیشدا خراوەتە روو. لە راپۆرتەکەدا نووسیویەتی دەسەڵاتی مەدەنی توانیویەتی دەسەڵاتی سەربازی تا رادەیەکی بەرچاو بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیایش وەکو رابردوو ھەوڵ بۆ دەستوەردانی لە کاروباری سیاسی نادات.
لە راپۆرتەکەدا باسی ھەوڵەکانی ئامادەکردنی دەستووری نوێی تورکیایش کراوە و نووسراوە "تا ئێستە تەنیا ٦٠ مادە لە دەستووری نوێی تورکیا ئامادە کراون، ھۆکەیشی ئەوەیە لە پرۆسەی ئامادەکردنی دەستووری نوێدا لێبڕان و شەفافییەت نییە.
سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی کوردیش راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە حکومەت بۆ کۆتایی ھێنان بە تیرۆر و پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە تورکیا دەکشێنەوە ھەنگاوی باشی ناوە. دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خاڵێکی گەورەی وەرچەرخانە و لایەنی کوردیش پشتگیری لەو ھەنگاوانە کردووە و ھیوای وایە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ لە رووی ئابوورییەوە ببوژێنەوە، ئەمیش دەبێتە رێگاخۆشکەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
لەبارەی قۆناغی چارەسەرەوە ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن و رای گشتی تورکیایش بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو پشتگیری خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە.
سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن ئەمساڵیش رەخنە ئاراستەی تورکیا کراوە و باسی تۆمارکردنی سکاڵا دژی رۆژنامەنووسە رەخنەگرەکان لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە کراوە و نووسراوە: لەسەر ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی راگەیاندن لە تورکیادا ئۆتۆسانسۆر ھەیە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا باسی بڕیاری دادگای تورکیا سەبارەت بە دۆزی ئەرگەنەکۆن کراوە و نووسراوە: بڕیاری دادگا سەبارەت بە دۆزی ئەرگەنەکۆن ھەبوونی رێکخراوێک کە ئامانجی تێکدانی حکومەتی ھەڵبژێردراوی خەڵکە، سەلمێندراوە.
کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رەخنەکانی ساڵانی رابردووی خۆی لە بارەی پرسی کەمەنەتەوەکان لە تورکیا دووبارە کردووەتەوە و نووسیویەتی: کێشەکانی بەردەم عەلەوییەکان، نەکردنەوەی قوتابخانەکانی روھبان، پرسی قوبروس، پێکھاتەی لیژنەی باڵای دادوەر و داواکارەکان ھەر وەکو خۆیان ماونەتەوە.
لەگەڵ راپۆرتەکەدا بەڵگەیەک بە ناوی بەڵگەی ستراتیژی بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بە گرنگیی ھاوکاری نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەدا کراوە. لە بواری دابینکردنی ئاسایشی وزەدا تورکیا خاوەن پێگەیەکی ستراتیژییە، بۆیە تورکیا ھەرچەند وڵاتێک بێت کە دەیەوێ ببێتە ئەندام بەڵام بۆ یەکێتی ئەوروپا ھاوبەشێکی ستراتیژییە و تورکیا بە ھۆی ئابووریی بەرفراوان و پێشکەوتووی خۆیەوە بووەتە شەریکێکی گرنگ بۆ یەکێتیی ئەوروپا.