واشینتۆن
ئەو بەڵگە تایبەتییانەی سەرۆكی كوژراوی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە ئوسامە بن لادن، كە لە كاتی هێرشكردنە بۆ سەر ماڵەكەی لە پاكستان دەستیان بەسەردا گیرابوو بڵاو كرانەوە و ئەو بەڵگانەش بریتین لە فەرمانەكانی بن لادن بۆ لایەنگرانی لە كاتی دەستپێكردنی بەهاری عەرەبی، نامەی خۆشەویستی بۆ هاوسەرەكەی، ئەو كتێبانەی دەیخوێندنەوە، چۆنێتی هەڵبژاردن ئەندام بۆ ئەلقاعیدە و چەندین زانیاری وردی دیكە لەبارەی ژیانی بن لادنەوە بڵاو كرانەوە.
سەرپەرەشتی گشتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا، بەشێك لەو بەڵگەنامەی تایبەتییانەی ئوسامە بن لادن كە ساڵی 2011 لە كاتی كوشتنی لە پاكستان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بڵاو كردەوە. ئەو بەڵگانە كە نزیكەی 100 بەڵگەن نیوەیان نووسراو و ئەوانی دیكەشیان بینراون.
لە یەك لەو بەڵگانەدا لەبارەی بەهاری عەرەبییەوە بنلادن نووسیویەتی: "بەهاری عەرەبی رووداوێكی زۆر گەورە و گرنگە و ئەم رووداوە هەموو جیهانی ئیسلامی دەگرێتەوە". بنلادن هەر لەم بارەیەوە فەرمانی ئەوەی بە لایەنگرانی داوە كە هانی خەڵك بدەن هەتا لە دژی تیرانییەكان راپەرێت و پێویستە ئەو هاندانە وەكو ئەركێكی ئاینی بناسرێت و بەڵام سەرەتا پێویستە هیچ جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان ئەو راپەرینە و خەلافەتدا ئاشكرا نەكرێت. بنلادن هەروەها فەرمانی ئەوەی داوە كە دوای كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رژیمەكان، لە نێوان گەنجاندا هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە دەست پێ بكات و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لە هەر جۆرە ئیمكانیاتێك بەتایبەتی راگەیاندنی نووسراو و بینراو سوود وەربگیردرێت. بنلادن هەروەها داوای راگرتنی هێرشەكانی سەر پۆلیس لە یەمەن و وڵاتانی دیكە دەكات.
بنلادن نامەیەكیشی ئاراستەی خەڵكی ئەمریكا كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكا لە شەڕی دژی قاعیدەدا سەركەوتوو نابێت. بنلادن نووسیویەتی "گرانترین و درێژترین شەڕی مێژوویی ئێوە لەگەڵ ئێمەیە و بۆ ئێمەیش هێشتا سەرەتای رێگایە" ئەمە لە كاتێكدایە كە عەقڵمەندانی ئەمریكا دەزانن لەو شەڕەدا سەركەوتوو نابن. بنلادن هەروەها بە خەڵكی ئەمریكای گوتووە كە شەڕ بۆ ئێمە عیبادەتە.
بنلادن چەندین نامەی بۆ هاوسەرەكانی، برا و خزمەكانیشی نووسیوە و نیگەرانی خۆی بەرامبەر رەوشی ئەوان دەربڕیوە. یەك لەو نامانەی كە بنلادن بۆ سێهەم هاوسەری خۆی کە لە ئێرانە نووسیویەتی وردەكاری زۆر سەرنجڕاكێشی تێدایە. لە نامەكەدا نووسیویەتی "هاوسەری خۆشەویستم، گلێنەی چاوم، دڵی منت پڕ كرد لە خۆشەویستی و بیرەوەرییە جوانەكانت، كاتێك لە تۆ دوورم و بیرت دەكەم فرمێسكی چاوانم دێتە خوارێ، تۆ بەنرخترین شتی ئەم جیهانەی منی".
بنلادن هەرچەند چەند هاوسەری هەبووە بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە لەسەر ئەو هاوسەرەدا كەسی دیكە بە هاوسەر ناگرێت چونكە ژنێكی دیكە وەكو تۆم دەست ناكەوێت، تا ئەو كاتەی خۆا لەم جیهانەدا بە یەكتر شادمان بكاتەوە بەردەوام دەبم لە رێگای جیهاددا و ئەگەر بێت و لەم جیهانەدا نەتوانین یەكتر ببینین ئەوە لە جیهانی دیكەدا یەكتر دەبینین.
بنلادن لە نامەكەیدا باسی ئەوەی كردووە كە ئەگەر هاتوو كوژرام، تۆ بگەڕێوە بۆ لای كەسوكارت، منداڵەكانمان زۆر بە باشی پێ بگەینە، و دوای من ئەگەر ویستت دووبارە ژیانی هاوسەری پێك بهێنی من لاریم نییە بەڵام ئەگەر لەو دنیا پرسیاریان لێ کردیت دەتەوێ ببیتەوە هاوسەری کێ هەر من هەڵبژێرە.
لە ماڵەكەی بنلادندا فۆرمی وەرگرتنی ئەندامە نوێیەكانی ئەلقاعیدەیش دۆزراوەتەوە و لەو فۆرمانەدا پرسیار لە ئاستی پەروەرەدە تا ئەو شتانەی كە ئەندامی نوێ حەزی لێیانە كراوە. گرنگترین ئەو پرسانە بریتین لە ئایا دەتەوێت هێرشی خۆكوژی ئەنجام بدەی؟ كاتێك شەهید بووی دەتەوێت كێ ئاگەدار بكەینەوە؟ مێژووی گەیشتنتان بە سنووری جیهاد چەندە و چەند دەتەوێ بمێنییەوە؟ ئایا كەسێك دەناسیت كە لە بواری كیمیا، گەیاندن و بوارەكانی بەو جۆرەدا شارەزایی هەبێت؟ ئایا هیچ ئەندامێكی بنەماڵەت یان كەسوكارەكانت لەگەڵ حكوومەتدا كار دەكەن ئایا ئامادەی هاوكارییە لەگەڵ ئێمە؟
لە نێو كتێبخانەكەی لادندا چەندین كتێبیش دەستیان بەسەردا گیراوە كە بریتین لە چەند كتێبێكی نۆام چۆمسكی (كۆنترۆڵكردنی بیروڕا لە كۆمەڵگە دیموكراتیكەكاندا) هەگەمۆنیا و مانەوە لە ژیان، هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دەسەڵاتداری جیهانی، هاوكات چەند كتێبێكی بۆب وۆدواریش لە نێو كتێبخانەكەی لادندا هەبوون كە گرنگترینیان كتێبێكە بەناوی شەڕەكانی ئۆباما، سەرهەڵدانی هێزە گەورەكان و هەڵوەشاندنەوەیان.