عەمان
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای فۆرمی ئابووری جیهان لە عەمانی پایتەختی ئوردن دەستی پێ كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە نزیكەی 900 سیاسەتمەدار و كارسازی 58 وڵات ئامادەن، گوتاری کردنەوە لەلایەن شای ئوردن شا عەبدوڵڵای دووەمەوە پێشكەش كرا. شا عەبدوڵڵا لە گوتەکەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە نامانەوێت قەیرانەكانی ناوچەكە ببنە ئاستەنگ لەبەردەم پێشڤەچوونمان و رێگە نادەین ئەو قەیرانە رێگری لە پێشڤەچوونمان بگرێت.
شا عەبدوڵڵا گوتی: "ئوردن سەرەڕای ئەوەی لە رووی جۆگرافییەوە بچووکە بەڵام لە بواری سەرمایەگوزاریدا دەرفەت و دەرەتانی زۆر باشی تێدایە و ئامانجمان ئەوەیە كە بە هاوكاری كەرتی تایبەتی و گشتی لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە 18 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا بكەین".
سەرۆكی دەوڵەتی فەلەستین مەحموود عەباسیش گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "ئێمە وەكو فەڵەستین پابەندی چارەسەری دوودەوڵەتین كە پایتەختی رۆژهەڵاتی قودسە لە چوارچێوەی سنوورەكانی ساڵی 1967دا و لە دژی هەرجۆرە چارەسەرییەكین كە پێشبینی سنووری نوێ كاتی دەكات چونكە سنووری نوێ دەبنە هۆی پارچەكردنی خاك و خەڵكی فەڵەستین".
عەباس لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە بەرنامەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر خاكی فەڵەستین كرد و گوتی: "ئیسرائیل بە درێژەدان بە پڕۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و بەكارهێنانی هێز لە دژی فەڵەستینییەكان دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەی ئاشتیدا".
هەرلە چوارچێوەی ئەو كۆبوونەوەیەدا لە دانیشتنی تایبەت بە قەیرانی سووریایش جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ڤاسیلی نابەنزیای گوتی: "بەردەوامكردنی شەڕی سووریا كە كاریگەریی لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، گرێدراوی ئەوەیە كە ئاكتەرەکانی جیهانی لەو قەیرانەدا رۆڵی خۆیان نەبینیوە. وڵاتانی رۆژئاواش لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا سیاسەتێكی درێژخایەنیان نییە و تەنیا بیر لە بەرەژوەندیی كۆرتخایەنی خۆیان دەكەنەوە".