هەولێر
منداڵانی خانەی نەوجەوانان گەرچی دڵخۆشییان بە رۆژەكەیانەوە پێوەدیاربوو، بەڵام ئەو خۆشییە كاتییە و ناتوانێ خەمە هەمیشەییەكەیان لە بیربباتەوە.
ئەوان دڵخۆش بوون بەو 25 هەزار دینار و دیارییانەی لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا پێیان درابوو، بەڵام وردبوونەوە و رامان لە نیگاكانی كۆسرەتی دوانزە ساڵان، گومانەكانی بێ كەسی و نەبوونی دایك و باوك و ئەو خەمانەی لە دڵی ئەم منداڵەدایە یەكلایی دەكاتەوە.
قەدەری كۆسرەت وا بووە لەو ساڵەی رژێمی بەعس لە عێراق دەڕوخێ لەدایكبێ، بەڵام دە ساڵی تەمەنی تەواو ناكا و دایكی و دواتریش باوكی بەهۆی جەڵتەوە بەدوای یەكدا دەمرن.
كۆسرەت كەمال یەكێكە لەو منداڵانەی لەگەڵ براكەیدا لە خانەیەكی كۆكردنەوەی بێ سەرپەرشتانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، لەگەڵ ٥٩ منداڵی دیكەی بێ سەرپەرشتیار ژیان بەسەر دەبا.
كۆسرەت ئەو كاتەی پێش زیاتر لە دوو ساڵ دایكی و دواتر باوكی بە نەخۆشی گیان لەدەست دەدەن، هیچ لە خزم و كەسە نزیكەكانیان لە خۆیانیان ناگرن، بۆیە لەگەڵ براكەی بە ناچاری لە بێكەسیدا روودەكەنە ئەو خانەیەی بۆ ئەوان ماڵی گەورەیانە.
ئەو لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا، كە یەكەم رۆژی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێك لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ ئەوان تەرخانكراوە، لەگەڵ هاوڕێیەكیدا سەیری ئەو زەرفی نامەیەیان دەكرد كە بەدیاری لە رۆژی خۆیاندا پێیاندرابوو، كە ٢٥ هەزار دیناری عێراقی بوو، كۆسرەت گوتی: "ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی زۆر خۆشە، چونكە هەموو ساڵێك لەم شوێنە یادەكەمان بۆ دەكرێتەوە، رێزمان لێدەگیرێ، من لێرە زۆر مورتاحم، هەست دەكەین وەك خێزانێكمان لێهاتووە."
گوتیشی: "ئەم شوێنە بۆ ئێمە خۆشە، جگە لەوەی حكومەت ئەم شوێنەی بۆمان دابین كردووە، خەرجیمان دەدەنێ و یاری دەكەین و دەشخوێنین."
بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا كۆسرەت خۆزگەی بەو ماڵە دەخواست كە پێش لەدەستدانی باوك و دایكی تیایدا دەژیان، "منیش حەزم لێبوو لە جیاتی ئەم شوێنە لەگەڵ دایك و باوك و براكەمدا پێكەوە بژیین."
لە پاڵ كۆسرەت ئەو منداڵانە دەبینرێن كە بەهۆی هەڵە و كێشەی گەورەكانەوە هەموو رۆژێ باج دەدەن، ئەوان گەرچی منداڵن، بەڵام بیركردنەوە و خەمەكان هەستی منداڵێتییان وەك منداڵەكانی دیكە پێ نەهێشتووەتەوە، بۆیە گەورە دەژین و مامەڵە دەكەن.
لە هەرێمی كوردستاندا بە دەیان بۆنە و مەڕاسیمی جیاواز بۆ رۆژی جیهانیی منداڵان كرایەوە، بەڵام چالاكوانانی بوارەكە پێیانوایە لەو كاتەی یاد و مەڕاسیمەكان دەكرێ، بە دەیان منداڵ لەسەر شەقامەكان بنێشت و كلێنكس و شتی دیكە دەفرۆشن و كاریان پێدەكرێ.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رۆزە عەبدولڵا شەریف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەم شوێنە ٦٠ منداڵ لەخۆ دەگرێ، لەوانەی بێ سەرپەشتن و بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كەس نییە لەخۆیان بگرێ، ئێمە لێرە كۆمەكی ئەو منداڵانە دەكەین و بەخێویان دەكەین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی گەش بیانبینین."
رۆزە دەڵێ بەشێكی ئەو منداڵانە لە دەرەوەی هەرێمەوە پەنایان بۆ خانەكەی ئەوان لە هەولێر بردووە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكا كە دەبێ پڕۆژەیەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان هەبێ بۆ ئەوەی گرنگی و بایەخی زیاتر بە منداڵان بدرێ و وەك منداڵ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ، كە بە بۆچوونی ئەو هێشتا لە هەرێم منداڵ وەك گەورە تەماشا دەكرێ.
لە هەرێمی كوردستان هێشتا یاسایەكی ئەوتۆ نییە مافەكانی منداڵ بپارێزێ و رێگە لە قۆستنەوەیان بۆ كاری بازرگانی بگرێ، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش هێڵێكی گەرمی بۆ منداڵانی تەرخانكردووە كە ١١٦یە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر كێشەیەك بوونەوە پەیوەندییان پێوەبكەن.
رۆزە عەبدولڵا لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێ، دەبێ بایەخی زیاتر بە چەسپاندنی مافەكانی منداڵان بدەین.