ئەنقەرە
سیاسەتوان و پەرلەمانتاری ناسراوی ئێران (محەمەد موسەدەق) رۆژی ١٩ی ئابی ١٩٥٣ بەکودەتایەک لەسەر کارلابرا.
موسەدەق خاوەنی دەسکەوتی "میللیکردنی نەوتی ئێران"ەو توانی ململانێیەکی توندی (محەمەد رەزا شا)ی ئێران و دەوڵەتانی ئەمریکاو بەریتانیا بکات لەوڵاتەکەی خۆیدا، کەسایەتییەکەی بووە خۆشەویستی خەڵک لەئێران بۆیە لەدوو ھەڵبژاردنی وڵاتەکەی زۆرترین دەنگی بەدەستدەھێنا.
لەدوای ٦٠ ساڵ بەسەر لەکارلادانی موسەدەق بە کودەتایەک، دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا CIA ئاشکرایکرد کارمەندو بەڕێوەبەرانی ئەوان پیلانەکەیان داڕشتووە.
بەپێی قانوونی مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لەئەمریکاو دوای بڵاو کردنەوەی ئەرشیفەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پیلانەکەی سی ئای ئەی ئاشکرابوو کە تێیدا موسەدەق لەسەر کار لابرا.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان پیلانەکە لەڕێی سازدانی خۆپیشاندان لەدژی موسەدەق و پێدانی رەشوەو بەرتیل بە کاربەدەستانی ئەوکاتی حکومەتی ئێران تا ھاریکاربن لەئەنجامدانی کودەتاکەدا.
یەکەمجار کودەتاکە سەری نەگرتووە، بەڵام سی ئای ئەی کۆڵی نەداوەو بۆ دووەمجار لەڕۆژی ١٩ ی ئابی ١٩٥٣ کودەتاکە سەریگرت و موسەدەق لەکارخرا، لەسەر خواستی ئەمریکا (فەزڵوڵڵا زاھیدیی) کرایە سەرۆکی حکومەت.
بەھۆی ئەو کودەتایەوە جارێکی دیکە محەمەد رەزا شای پەھلەوی چوویەوە سەر کورسی دەسەڵات، بەر لەوەی کودەتاکە سەربگرێ شا لەگەڵ سورەیا ئەفشاری خێزانی لەڕێی بەغداوە چوو بووە ئیتاڵیا و دوای سەرگرتنی کودەتا گەڕایەوە بۆ ئێران.