ھەولێر - AA
کاتژمێر ٨:٠٨ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەرسەلان بایز و خێزانەکەی، لە بنکەی دەنگدانی (VIP) لە ئۆتێل رۆتانای شاری ھەولێر دەنگیاندا.
بایز کە ھاوکات سەرۆکی لیستی ١٠٢ی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە جەلاڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکا، پاش دەنگدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە رۆژێکی گرنگ وەسف کرد و گوتی "سندوقەکانی دەنگدان چارەنووسی میللەتەکەمان دیاری دەکەن و کوردستانیش بە چەپکە گوڵەوە جوانە".
ھەروەھا گوتی، ئەمە ھەنگاوێکی دیموکراتییانەی سەردەمییانەیە و میللەتەکەمان بەھۆی ئەزموونێکی نموونەییەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێدەنێتە قۆناغێکی تازەی دیموکراسی، ئەویش جێگیرکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بەشێوەیەکی مەدەنییانە کە سندوقەکانی ھەڵبژاردن چارەنووسی میللەتەکەمان دیاری دەکا.
داوایشی کرد خەڵکی کوردستان بە ھەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئازادانە دەنگ بدەن بۆ ئەوەی "پەرلەمانێکی شایستە" ھەڵبژێرن، چونکە ئەو پەرلەمانە "ئاوێنەیەکی راستەقینەی میللەتەکەمانە لە ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دنیا".