Zana Natık Kerem
01 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ یەکی تشرینی دووەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە قوتابخانەیەکی شاری بەغدا، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢١-٢٠٢٢)ی لێدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە وتەیەکدا دوای لێدانی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاندووە "خۆشحاڵم بە بوونم لەنێوان قوتابییاندا لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن".
بەپێی راگەیەندراوەکە مستەفا کازمی بەشێکی گوتەکەی ئاراستەی قوتابییان کردووە و گوتی: "ئێوە داھاتووی عێراقن و ئامۆژگارتیان دەکەم زیاتر خۆتان بە خوێندنەوە ماندوو بکەن، چونکە ئەمڕۆ ماندوو دەبن و سبەی بەرھەمەکەی دەچننەوە، هەروەها داواتان لێ دەکەم رێز لە مامۆستاکانتان بگرن و گوێڕایەڵی راسپاردەکانیان بن، چونکە مامۆستا بنیاتنەری داھاتووە، راستە ئەمڕۆ بە رەوشێکی سەختدا تێپەڕدەبین، بەڵام گەلەکەمان بەھێزە و دایک و باوکی ئێوە بەھێزن و لەگەڵ ئێوەدا ماندوو دەبن تا ئێوە داھاتوویەکی باشترتان ھەبێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە مستەفا کازمی بۆ قوتابییان گوتوویەتی "گوێ لە ھیچ کەسێک رانەگرن کە ھەوڵی چاندنی تایفەگەریی و رەگەزپەرستی لە ھزری ئێوەدا دەدات، هەروەها گوێ لەو کەسانەیش رانەگرن کە ھەوڵی جیاکاریی لەنێوان ئێوەدا دەدەن و پێیان بڵێن ئێمە ھەمووان عێراقین و ھیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە".
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندووە "عێراق لەسەر رێگای راستە و ئەمڕۆ پلانی درێژ مەودامان بۆ بیناتنانەوەی عێراق داناوە و پشت بەخوا ھەموو بەرەنگارییەکان تێدەپەڕێنن".
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، حەیدەر فاروق سەعدون لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی تشرینی دووەم بە بەشداری ١١ ملیۆن و ٦٥ ھەزار خوێندکار و مامۆستا، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢١-٢٠٢٢) دەستی پێ کردووە.