Aziz Aslan,Aydın Arik
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2023
دیاربەکر – AA
"کەمپی بچووکی خوێندن" لەو خیوەتگایانەی کە دوای ئەو بوومەلەرزانەی شەشی شوبات لە تورکیا روویان دا لە دیاربەکر بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان دروست کران، بۆ قوتابییان داندرا.
"کەمپی بچووکەی خوێندن" کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دیاربەکر بۆ منداڵانی خانەوادە زیانبەرکەوتووەکانی نێو خیوەتگاکاندا داندراوە، ١٧٦ قوتابی تیایدا دەخوێنن، جگە لە ناوەندی خوێندن، هەروەها گۆڕەپانی چالاکییەکانی قوتابییان و قوتابخانەیش لەخۆ دەگرێت.
هەروەها خیوەت داندراوە بۆ گوتنەوەی وانە بەو قوتابییانەی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە زانکۆ.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دیاربەکر، مورسەل چاپراس بە میدیاکارانی راگەیاند بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسەی منداڵان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە تووشیان بوون چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ ئەنجام دەدەن.
چاپراس لەبارەی "کەمپی بچووکی خوێندن"ەوە گوتی: "ئێستا ناوەندی سەرەکیی خوێندن چالاکە. کتێبخانەمان کردووەتەوە. سبەی قوتابخانەکان دەکرێنەوە. قوتابییەکانی دیکەی خیوەتگاکان لە میانی پەروەردەی گەڕۆک دەگوازرێنەوە بۆ قوتابخانەکان. خوا یار بێت سبەی خوێندن دەست پێ دەکاتەوە".
ئەحمەد داغ کە خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە زانکۆ، گوتی: "بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە لەنێو خیوەتدا دەمێنمەوە. بەهۆی ئەوەی مەترسی داڕووخانی لەسەرە ناتوانین بچینەوە ماڵی خۆمان. کتێبیان پێ داوین و مامۆستاشمان هەن لێرە. خۆشحاڵین بەوەی لێرە وانەمان پێ دەگوترێتەوە. لێرە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ تاقیکردنەوەکان".