Hawkar Yaseen
01 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەردەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری تەندروستی، وەزیری پەروەردە، وەزیری خوێندنی باڵا و پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدار دەبن و راپۆرتی نوێی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە روو, لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەش بڕیاری نوێ لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "کۆبوونەوەکە کاتژمێر دوو دەستپێدەکات و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین. لە کۆبوونەوەکەشدا راپۆرتی خۆمان دەربارەی دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەخەینە روو و لە راپۆرتەکەشدا، هەروەها راوبۆچوونی وەزارەتی تەندروستی و پێشنیازەکانمان بۆ رێکاری نوێی خۆپارێزی دەخەینە روو".
هەفتەی رابردوو لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی وەزیری تەندروستی کرد بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکەیان، بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەکەی پەرلەمان پێشنیازیان کردووە تا سەرەتای ساڵی نوێ پرۆسەی خوێندن بەم شێوەیەی ئێستا بێت و دەرگای قوتابخانەکان نەکرێنەوە.
لە راپۆرتێکیشدا کە ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایان کردووە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا، دەخوێندرێتەوە هەمان پێشنیازیان خستووەتە بەردەستی لیژنەکە.
پێشتر لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ پۆلەکانی ١٢ی ئامادەیی و یەک و دووی بنەڕەتی لەناو خوێندنگاکان بێت و دەوام بکەن و پۆلەکانی دیکەش بە شێوەی ئەلیکترۆنی بخوێنن، بەڵام لە کۆبوونەوەی مانگی مانگی رابردوودا، بەهۆی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا خوێندنی ناو پۆل راگیرا و ئەمڕۆش بڕیار و راسپاردەی نوێ دەردەکرێت.