Zana Natık Kerem
01 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستی پێکردووە.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال و ھاتووە:
"لە چوارچێوەی پلانەکەدا، دووبارە دابەشکردنی یەکەکان و بەرپرسیارییەتی ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال دیارییکراوە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش ھاتووە "ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئاسایش و سەقامگیری لە قەزای شنگال و یەکە کارگێرییەکانی بەدی دێت".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە پێشتر ھێزە عێراقییەکان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەیان وەک دوا مۆلەت دابوو بە چەکدارە نایاساییەکان تا تەواوی بارەگاکانیان لە شنگال چۆل بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا ھەشت بنکەی چەکدارە نایاساییەکان چۆل کراون کە دووانیان لە سەنتەری شاری شنگال بوون و رادەستی ھێزەکانی عێراق کراونەتەوە.
بڕیار بوو ھەفتەی رابردوو دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەشی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت، بەڵام ئوپەراسیۆنی پاککردنەوەی شنگال لە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و ئەو چەند رۆژەیش وەک دەرفەتێک بەو ھێز و چەکدارانە دراوە بۆ ئەوەی شنگال چۆل بکەن یا چەکەکانیان دابنێن.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.