کەرکوک
سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد گەنجانی سەر بە عەشیرەتەکانی بوریاش و جەوالە توانیویانە چوار بەرپرسی قاعیدە بکوژن کە ھەرچواریان عەرەبن.
گەنجانی ئەو دوو عەشیرەتە ھێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی سەر بە بەرپرسانی قاعیدە لە دەڤەری ئەبو خەناجر نێزیک گوندی الرش لە باشووری کەرکوک کە بۆ سەرپەرشتیکردنی کار و چالاکی و کردەوەکانیان بەکاریان دەھێنا، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە قاعیدە کە دەڤەرەکەیان کردبووە گۆڕەپانی کردەوەکانیان و لە رووی گیانی و ماددیەوە زیانێکی زۆریان گەیاندبووە دەڤەرەکەیان.
بەر لە مانگێک ناوچەکانی ھەردوو عەشیرەتی بوریاش و جەوالە ببوو شوێنی پێکدادان و ناکۆکی نێوان رێکخراوی قاعیدە و سوپای ئەنسار ئەلسونە کە زیاتر لە ١٥ ئەندامی قاعیدە لەو پێکدادانەدا تیاچوون و ھەروەھا ژمارەیەک بەرپرسی ئەنسار سونەش بەدەستی قاعیدە لەو دەڤەرە کوژران و دواتر دەڤەرەکە بوو بە گۆڕەپانی شەر و پێکدادانی نێوان ھەردوولا و زیانێکی زۆری گیانی و مادیان گەیاندە دەڤەرەکە.