بەغدا
لە ئەنجامی تەقینەوەی ٩ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو لە دەڤەرە جیاجیاکانی بەغدا ٤٢ کەس کوژران و ٨٩ی دیکەش برینداربوون کە منداڵ و پۆلیسیش لەناو کوژراو و برینداراندا ھەن.
بەپێی سەرچاوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوانە لە ناوچەکانی الشعب، الحریە، الگالبیە، سبع البور، الشرگە الرابعە، ڕبو دشیر، المشتل، البلدیات، النھروان، البیاع تەقێنراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ئۆتۆمبێلی یەکەم لە نزیک بازاڕێکی میللی لە ناوچە حوریە لە باکووری بەغدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون. ئۆتۆمبێلی دووەم لە نزیک بنکەیەکی تەندروستی لە دەڤەرا مەعالف لە باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقیوەتەوە کە لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران و ١٤ی دیکەش برینداربوون کە منداڵیش لەنێوان برینداراندا ھەن ئەمە جگە لە زیان گەیاندن بە باڵەخانە و ماڵەکەنی دەوروبەر تەقینەوەکە.
ئۆتۆمبێلی سێیەم و چوارەمیش لە دەڤەری بەلەدیاتی رۆژھەڵاتی بەغدا لە نزیک بارەگای ئەمنی گشتی و دوکانێکی زێڕینگری تەقینەوە و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون.
ئۆتۆمبێلی پێنجەم و شەشەمیش لە دەڤەری شەعبی باکووری رۆژئاوای بەغدا لە نزیک بازاڕی شەلال تەقینەوە و شەش کوژرا و ١٩ برینداری لێکەوتەوە.
ئۆتۆمبێلی حەوتەم لە دەڤەری سەبع ئەلبوری سەر بە قەزای تاجی لە باکووری بەغدا تەقێنرایەوە کە لە قەراخ شەقامی سەرەکی وەستێنرابوو و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون. ھەر لەو ناوچەیە ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار بە دەسترێژی گوللە ھێرشیان کردە سەر ھاووڵاتیانی سڤیل و دوو کەسیان کوشت و دووی دیکەشیان بریندارکرد.
ئۆتۆمبێلی ھەشتەمیش لە بازاری میللی ئەبو دەشیری سەر بە قەزای ئەبوغرێب لە باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران و چواردەی دیکەش برینداربوون.
ئۆتۆمبێلی نۆیەم لە دەڤەری بەیاعی باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقیەوە و چوار کوژرا و ھەشت برینداری لێکەوتەوە.
لە قەزای مەدائینی باشووری بەغداش لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک کە بە کابینەیەکی زێرەڤانانەوە لە دەڤەری بەحیرات لکێنرابوو، دوو کەس کوژران و سێی دیکەش برینداربوون و ھەروەھا چوار گوللە ھاوەنیش بەر قەزای مەدائین کەوتن کە یەکێکیان بەر ماڵی پێاویکی ئاینی بە ناوی شیخ عارف الساعدی کەوت و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو و دوو لە ئەندامانی خێزانی ساعدیش لەو رووداوەدا برینداربوون.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە AA راگەیاند: "بۆ سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان؛ ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنیەکان بڵاوکراونەتەوە بە تایبەت کە زانیاریان دەستکەوتووە ژمارەیەک تەقینەوەی دیکە لە بەغدا ئەنجام دەدرێن."