Cemal Sargati
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
سلێمانى-AA
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى سلێمانى، ئارام شوانى:
- "ئامادەکارى تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان روو لە ناوچەکەمان دەکەن".
- "بەهۆى لەناوبردنى داعش ئەمساڵ پێشبینى هاتنى گەشتیاران بەڕێژەیەکى زۆر دەکەین".
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى سلێمانى، ئارام شوانى راگەیاند "لەگەڵ هاتنەوەى بۆنە ئایینى و نەتەوەییەکان وەک گەشتوگوزارى سلێمانى ئامادەکارى تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان روو لە ناوچەکەمان دەکەن و چەندین لیژنە دروست کراون، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە لیژنەکانمان کەم کردوەتەوە، هەروەها وەک گەشتوگوزارى سلێمانى ئامادەکارى تەواو کراوە بۆ چەژنى نەورۆز بەئامادەکردنى رێبەرى و نەخشە و رێنماییەکان کە بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکرێت".
ئارام شوانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەماوەى سێ رۆژى رابردوو زیاتر لە 12 هەزار گەشتیار سەردانى سنوورى پارێزگاى سلێمانی-یان کردووە کە زۆرینەيان گەشتیارى ئێران کە بەبۆنەى نەورۆزەوە روویان لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى سلێمانى کردووە".
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى سلێمانى، گوتیشی: "ئێمە وەک گەشتوگوزارى سلێمانى پێشبینى هاتنى گەشتیاران دەکەن بەڕێژەیەکى زۆر لەچاو ساڵانى رابردوو، بەوەى لە ساڵى رابردوو لە بۆنەى نەورۆزدا نزیکەى 27 هەزار گەشتیار روویان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى کردبوو، بەڵام ئەمساڵ کە هێشتا چەند رۆژێکى ماوەى زیاتر لە 12 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچەکەمان کردووە، بۆیە پێشبینى دەکەن ئەمساڵ هاتنى گەشتیار زیاتر بێت لەچاو ساڵانى رابردوو".
ئارام شوانى ئەوەشى گوت "لەگەڵ هاتنى چەکدارانى داعش هەرێمى کوردستان رووبەڕووى قەیرانى دارایى بوویەوە ئەوەش واى کرد کە هاتنى گەشتیاران بۆ هەرێمى کوردستان کەم بکات، بەڵام ئەمساڵ داعش بەرەو نەمان دەڕوات، ئەوەش هۆکار دەبێت کە هاتنى گەشتیاران روو لە زیاد بوون بکەن و، وادەکات قەیرانى دارایى روو لە کزبوون بکات و داهاتێک بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان کۆ بکرێتەوە".