Hemn Osman
26 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2015
بەمەبەستی ئیدانە كردنی حكوومەتی سعوودیە بەهۆی گیان لەدەستدانی 753 حاجی لە مینا بەهۆی قەرەباڵغیەوە، لە تارانی پایتەختی ئێران دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانێك ساز كرا.
دوای نوێژی هەینی كە لە حەرەمی زانكۆی تاران ئەنجامدرا، رێكخراوی تەبلیغات خۆپیشاندانێكی رێكخست كە سەدان كەس بەشداریان تێدا كرد.
خۆپیشاندەران، بە كێشانی هوتافی "لە مینا ئیحرامەكان بوونە كفن"، "بنەماڵەی سعوود شایستەی بەڕێوەبردنی حەج نین" بەرەو مەیدانی ئینقلاب رێپێوانیان ساز كرد.
لای خۆیەوە، حوجەتولئیسلام عەلی سادقی، وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا رایگەیاند "پێویستە حەج بە هاوبەشی لەلایەن وڵاتانی ئیسلامیەوە بەڕێوە ببرێت".
گوتیشی: "سەرەخۆشی لە جیهانی ئیسلامی دەكەم. هەموو جیهان بوونە شاهیدی ئەوەی كە ئەوەی لە مینا روویدا جگە لەوەی هۆكارەكەی خراپ بەڕێوەبردن بوو، بەشێوەیەكی ئەنقەستیش شەهید كردنی موسوڵمانان بوو".
سادیقی، باسی لەوە كرد ئەو شوێنانەی حەجی تیایدا دەكرێت هی هەموو جیهانی ئیسلامیە، بەڵام سعوودیەكان حەج بەڕێوە دەبەن، دەبێت ئەمڕۆ وڵاتانی ئیسلامی بیر لەو بابەتە بكەنەوە، دەبێت رێكخستنی هەماهەنگی ئیسلام دەستپیشخەری بكەن بۆ بەڕیوەبردنی حەج.
رابەری ئایینی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، سێ رۆژ ماتەمینی نیشتمانی بۆ قوربانیانی قەرەباڵغیەكەی مینا راگەیاند و سعوودیەی بەرپرسیار كرد لەو رووداوە.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی حەجی ئێران سەعید ئەوحیدی رایگەیاند "ژمارەی ئەو هاووڵاتیە ئێرانیانەی لە قەرەباڵغیەكەی مینادا گیانیان لەدەستداوە 131 حاجین، بریندارەكانیش 85 حاجین".