Azat Muhammet
27 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
دواى نەمانى دەسەڵاتى داعش لە شارۆچکەى تلکێف، دانیشتووانى ئاوارەبووى شارۆچکەکە دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ سەر زێدى خۆیان، هاووڵاتییان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵێکى وێران کراو، ئەوان هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ خانووە رووخاوەکان و باخچە سووتاوەکانى دەست چەکدارانى داعش بگونجێنن تاوەکو ژیانێکى ئاسایی بۆخۆیان بگەڕێننەوە.
هەزاران هاووڵاتى گەڕاوە لە شارۆچکەى تلکێف پشتیان بە بیرە ئاوێک بەستووە و کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتووانى شارەکە روو لەو بیرە دەکەن بۆ ئەوەى ئاوی لێ دەربهێنن بۆ خواردنەوە و خۆشوشتن و تەواوى پێداویستییەکانى دیکە بەکاریبهێنن، کەسێک یان دوو کەس لە خانەوادەیەک نۆرە دەگرن بۆ ئەوەى چەند تەنەکەیەک ئاو بۆ ماڵەوەیان ببەنەوە.
گەنجێک چەند تەنەکەیەکى لە عەرەبانەیەکى ئاسن هەڵگرتووە و بەرەو بیرە ئاوەکە هەنگاو دەنێت، دواى گەیشتى بە شوێنى مەبەست، لە رێگەى کێبلێکى کارەباییەوە تەنەکەى شۆڕ کردەوە نێو بیرە ئاوەکە دواى چەند جار هەوڵدان توانى تەنەکەیەک ئاو دەربهێنێت، زیاتر لە ٢٠ جار هەڵدانى تەنەکە بۆ نێو بیرە ئاوەکە توانى دوو تەنەکە ئاو بۆ ماڵەوەیان دابین بکات. ئەم دیمەنە زۆرترین جار بەرچاو دەکەوێت لەم گەڕەکەى کە بیرەکەى تێدا ماوەتەوە.
لە نێو بازاڕ و دوکانەکانیش خەڵک یەکترى ئاگادار دەکەنەوە کە بیرە ئاوەکەى تەنیشت کەنیسەى کلدانییەکان ئاوى تێدایە، بە پێچەوانەشەوە باس لەوە دەکەن داعش بەم دواییە تەواوى پڕۆژەکانى ئاوى تلکێفی خاپوور کردووە و وای بۆ دەچن کە ئەو هەوڵەى داعش بۆ دروست کردنى بەربەست بێت لە بەردەم گەڕانەوەى هاووڵاتییان بۆ ناوچەکەیان. بەڵام دانیشتووانى شارۆچکەى تلکێف یەکێک لە بیرە کۆنەکانى شارۆچکەکەیان لەجیاتی تەواوى ئەو بیرانە بەکاردەهێنن، ئەو هاووڵاتییانەى گەڕاونەتەوە بەکارهێنانى ئاوى پڕ قوڕ لیتە و نیشتەجێبوون لە نێو شارێکى وێرانیان کردووەتە پەیامێک دژى چەکدارانى داعش.
خالد سالم یەکێک لە دانیشتووانى شارۆچکەى تلکێف بەدەم دەرهێنانى ئاو لە بیرەکەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمە یەکێکە لە کۆنترین بیرە ئاوەکانى شارۆچکەى تلکێف، بەخت یاوەرمان بوو داعش ئەم بیرە ئاوەى هاوشێوەى بیرە ئاوەکانى دیکەى شارەکە نەتەقاندووەتەوە، چونکە ئەگەر ئەم پیرەشیان خاپوور بکردایە هیچ هاووڵاتییەک لەبەر نەبوونى ئاو نەیدەتووانى لێرە بمێنێتەوە، چونکە ئاوەدانى و ژیان بەبێ ئاو ناکرێت".
ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ دەرهێنانى ئاو لە بیرەکە باس لە ناتەندروستى ئاوەکە دەکات و دەڵێت: "بەڕاستى ئێمە ناچارین ئەم ئاوە بەکاربهێنین، ئەگەر ناچارى نەبێت هەموو لایەکمان دەزانین ئەم ئاوە قوڕ و لیتە و خاشاکى جۆراوجۆى تێدایە بە کەڵکى خواردنەوە و بەکارهێنان نایەت، بەڵام بە هەرجۆرێک بێت ئەم ماوەیە بەردەوامى بە ژیانمان دەدەین تەنانەت ئەگەر ژیانێکى نەگونجاویش بێت، تاوەکو داعش بزانێت کە دەسەڵاتى زوڵم و ستەم تاسەر نییە، دواى هێنانە خوارەوەى ئاڵا رەشەکەیان ژیانێکى نوێى پڕ لە پێکەوە ژیان دەست پێدەکەینەوە".
خالد داوا لە وڵاتان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکات کە هاوکاریان بکەن بە دابینکردنی پڕۆژەى ئاو و کارەبا، وەک خۆى باسى لێوە دەکات ئەگەر تا ماوەیەکى دوور و درێژ ئێمە لەسەر ئاوى ئەم بیرە بژین لەوانەیە تووشى نەخۆشى ببین، بە تایبەت منداڵان و ئافرەتان، راستە ئاوى ئەم بیرە بووەتە هۆى ئەوەى ئێمە لە ئاوارەیی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، بەڵام ئەوەش ئەو مانایە ناگەیەنێت کە تا هەتا ئامادەبین ئەو ئاوە بەکاربهێنین".
ئەو گوتى: "جگە لە ئاو، پێویستیمان بە خۆراک و خواردنە سەرەتاییەکانى ژیان هەیە، لێرە هیچ شتێک وەک خۆى نەماوە، ئاوارەکان دواى گەڕانەوەیان لە خانوویەکى تاریکى بێ کارەبا و سووتەمەنى ژیان بەسەر دەبەن و سەرما و سۆڵەى زستان دەمانتەزێنێت، دڵنیایى هەموو لایەکیش دەکەینەوە کە سەرەڕاى ئەو هەموو نەهامەتییە سوورین لەسەر مانەوەمان لە زێدى خۆمان و نامانەوێت جارێکى ئاوارەى نێو کەمپەکان ببینەوە".
ئێواران پێش خۆر ئاوابوون چواردەورى بیرە ئاوەکە پڕ دەبێت لە هاووڵاتی، هەندێک چوار تەنەکە زیاترى پێیە بۆ ئەوەى ئاو بۆ ماڵەوەیان ببەنەوە، خەڵک پەلەیەتى پێش گەیشتنى شەو لانى کەم چەند لیترێک لەم ئاوە پڕ قوڕ و لیتەیە بۆ ماڵ و منداڵەکانیان دەست بکەوێت، تەنانەت بەشێک لە هاووڵاتییان تەنەکە لە یەکترى وەردەگرن تاوەکو ئاو بۆ ماڵەوەیان ببنەوە.
شارۆچکەى تلکێف بە دوورى ١٨ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوورى رۆژهەڵاتى مووسڵ، زۆرینەى دانیشتووانى شارۆچکەکە کریستیانەکانى کلدانین و بەشێک لە دانیشتووانى شارەکە کریستیانەکانى ئاشوورین و هەروەها کوردانى ئێزدى و موسلمانانى عەرەبى سوننە مەزەهەب بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەکە پێکدەهێنن. بەپێى ئامارە نافەرمییەکان شارۆچکەى تلکێف پێش هاتنى داعش ژمارەى دانیشتووانەکەى زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس بوو. لە دواى شەڕى داعش بەهۆى ئاوارەبوون و پەنابەر بوونیان ژمارەى دانیشتووانى ئەو شارۆچکەیە بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمیکردووە.