Dilşad Seyfeddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2015
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە "بەهۆی كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەی كە لە ئەنجامی درێژبوونەوەی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی سیبیریا رووی لە ناوچەكە كردووە، بووەتە هۆكاری بەفر بارین لە زۆربەی ناوچەكانی شاخاوی و نیمچە شاخاوی هەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرماش بۆ ژێر سفری سەدی نزم دەبێتەوە".
كاریگەری شەپۆلەكەش تا ئەمشەو بەردەوامی دەبێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت و سبەی ئاسمان بۆ ساماڵ دەگۆڕێت.
لە شاری سلێمانی لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بەفر بارین دەستی پێ كردووە و بەهۆی بەردەوامی بەفرەكەوە، نێو شارەكە و چیاكانی دەورووبەری بەفر دای پۆشیون و ئەگەری بارینی بڕێكی زیاتری بەفر دەكرێت تا ئەمشەو.
بەو هۆیەوە دەوامی بەشێك لە خوێندنگەكانی نێو شاری سلێمانی و دەورووبەری راگیراوە و دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان بۆ راگرتنی دەوام لەو ناوچانەی كە بەفری زیاتری تێدا باریوە و ئەگەری مەترسی بۆ سەر ژیانی مامۆستایان و قوتابیان هەیە.
هەروەها فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە بڕیاری راگرتنی گەشتەكانیدا بۆ ماوەی چەند سەعاتێك.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆكەخانەی سلێمانی، دانا محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "بەهۆی ئەو شەپۆڵی بەفربارینەی پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە، بووە هۆی راگرتنی گەشتەكانی ئاسمانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەشێوەیەكی كاتی، بەڵام لە ئێستادا گەشتەكانی فڕۆكەخانە دەستی پێ كردەوە و بە پێی خشتەی دیاریكراو گەشتەكان بەردوامە".
لەلای خۆیەوە هێزەكانی پۆلیسی هاتوچۆ چەند شەقامێكی سەرەكی شارەكەیان داخست كە بە ئاراستەی هەردوو چیای گۆیژە و ئەزمەر دەڕۆن و لە كاتی بەفر باریندا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و وێنە گرتن سەردانی دەكەن.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، كاروان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئامادەباشی تەواومان كردووە بۆ دۆخێكی لەم شێوەیە و پێشتر تیمەكانمان لە تەواوی رێگا و بانەكانی سلێمانی دابەش كردووە و چەند رێگەیەكی سەرەكیشمان داخستووە كە بەرەو گۆیژە و ئەزمەڕ دەڕۆن بۆ پاراستانی هاووڵاتییان و شۆفێران لە هەر رووداوێكی نەخوازراو".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆ داوای لە شۆفێران و هاووڵاتییان كرد لەم كاتەدا زیاتر پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن و خۆیان لە رووداو و كارەسات بپارێزن.
ساڵانە لەكاتی بەرفر باریندا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان و قوتابیانی زانكۆ سەردانی هەردوو چیای گۆیژە و ئەزمەڕ (سلێمانی دەكەوێتە دامێنی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ) دەكەن بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و وێنە گرتن.
ئەوەش قەرەباڵەغی زیاتر لەو ناوچەیەدا درووست دەكات، تیمەكانی پۆلیسی هاتوچۆ و رێگاوبانیش رێوشوێنی خۆیان گرتۆتە بەر بۆ پاككردنەوەی رێگاكان و پاراستنی شۆفێران و هاووڵاتییان لە كەوتنەوەی هەر رووداوێك بە هۆی گیرانی رێگاوبانەكانەوە بە بەفر.