Hilal Uştuk
05 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2015
بەڕێوەبەر و ئامادەکار و سیناریستی ئێرانی مەجید ماجیدی کە لە هەموو سووچێکی دونیا خەڵکی مسوڵمان و باوەڕدارانی ئاییەنەکانی دیکە بەتاسەوە چاوەڕوانی ئەو فیلمەن، ئێستا لە ئیستانبوڵە و پەیوەندیدار بە فیلمەکەیەوە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
مەجیدی رایگەیاند کەسانێک بەرامبەر مسوڵمانان بەتایبەت لە رۆژئاوا خەریکی پڕوپاگەندەی نەرێنین. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "بۆیە وەک مسوڵمانیک بە پێویستم زانی، رووی راستەقینەی ئیسلام و ژیانی حەزرەتی محەمەد لەو فیلمەدا رەنگ بداتەوە".
مەجیدی رایگەیاند: "لە فیلمی 'بانگهێشت' کە مستەفا عەقاد ٤٢ ساڵ لەمەوبەر ئامادەی کردووە، فیلمیکی دیکە نەبینراوە کە رەنگدانەوەی راستەقینەی ژیانی حەزرەتی محەمەد بێ و بیەوێت بیناسێنێ. لە کاتێکدا پەیوەندیدار بە مەسیحییەتەوە ٢٠٠ فیل، دەربارەی حەزرەتی موسا ١٢٠ فیلم، تەنانەت لەسەر بودا نزیکەی ٤٠ فیلم دەرهێنراوە. بۆیە بڕیاری دەرهێنانی ئەو فیلمەم دا تاکوو دڵۆپێک لە دەریای بێ بنی ئیسلام بەدونیا بناسێنم، ئەو فیلەمە بەنووسینی سیناریۆ و ئامادەکاری و تەواوکردنی پرۆژەکە ٧ ساڵی خایاند".
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا بۆ وێنەگرتنی فیلمەکە شوێنی هاوشێوەی مەککە و مەدینە وێنەی فیلمەکەیان گرتووە.
"رۆژانە لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٣ هەزار کەس گرتەی ڤیدیۆیمان دەگرت"
مەجیدی هەروەها دەڵێت: "ئەوەی سەرنجی راکێشام بۆ دەرهێنانی ئەو فیلە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دونیای رۆژئاوا تێبگەیەنرێت لە محەمەد وەک پێغەمبەری ئیسلام. لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەدام لە دونیای ئیسلام دەبێتە هەوێنی هێزێکی یەکگرتوو لە نێوان مەزهەبەکانی جیاواز. ئێمە لەو فیلمەدا وەکو پێویست رێزمان لە ئایننەکانی دیکەش ناوە".
مەجیدی ئەوەی خستەڕوو کە فیلمەکەی پرۆژەیەکی زۆر گەورە، ماندووکەر و درێژخایەن بووە: "لەگەڵ باشترین تیمەکانی تەکنەلۆژیی دونیا کارم کردووە. لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دیمەن لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و سڕبیا، بۆ میکیاژ و ئەندازیاری دەنگیش کەسانی گرنگم هێنا و لەم پرۆژەیە جێگیرم کردن. کۆکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکە لە پرۆژەیەک بەڕاستی کارێکی زەحمەتە. چونکە رۆژانە لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٣ هەزار کەس گرتەی ڤیدیۆیمان دەگرت. ئاڕاستەکردنی ئەو هەموو کەسە بەڕاستی تاقەت پڕووکێنە".
"روخساری پێغەمبەرمان نیشان نەداوە"
ماجیدی ئاماژەی بەوە کرد لەوڵاتانی جیاجیاوە داوا کراوە لە رووی داراییەوە هاوکاری بکرێن، بەڵام بڕیاریان داوە تەنها لە ئێران هاوکاری دارایی وەربگرن و زیاتر گوتی: "بوودجەکەی نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلار بووە، نزیکەی نیوەی بوودجەکە لە دروستکردنی شارەکانی سینەماییدا خەرج کراوە کە لە داهاتووشدا دەتوانرێ سوودیان لێ ببینرێت. پێموایە ئەو فیلمە رووی سینەمای ئێرانیش دەگۆڕێ. چونکە بەراستی پرۆژەیەکی گەورەیە".
سەبارەت بەو رەخنانەش کە لە فیلمەکەدا گیراون، دەرهێنەر گوتی: "بەداخەوە هەندێک کەس بێ ئەوەی فیلمەکەیان هێشتا بینیبێت دەستیان کردووە بە رەخنەگرتن. هەندێک لە زانایانی ئایینی سعوودیە و زانکۆی ئەلئەزهەر لە میسر هێشتا تەنانەت فیلمەکەشیان نەدیوە کەچی داوای بایکۆتکردنی فیلمەکەیان کردووە. سەرەتا وایان زانیبوو کە روخساری پێغەمبەرمان نیشان داوە، بۆیە پەرچەکرداریان هەبوو. خۆ ئێمە روخساری پێغەمبەرمان نیشان نەداوە. پێموایە ئەگەر سەیری فیلمەکە بکەن، زۆربەیان تێڕوانینان دەگۆڕێ. تەنها تەمەنی ٧-٨ ساڵی نیشان دراوە".
مەجیدی بەراوردکردنی فیلمەکەی لەگەڵ فیلمی "بانگهێشت" بەڕاست نازانێ. چونکە هەردوو فیلمەکە ئاماژە بە دوو قۆناغی جیا دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە فیلمی "نگهێشت" ٤٢ ساڵ لەمەوبەر بەرهەم هاتووە و تەکنەلۆژی وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە. موستەفا عەققاد سەرنجی فیلمەکەی بۆ سەر قۆناغی پێگەیشتووی پێغەمبەر و جەنگەکان چڕکردۆتەوە بەڵام فیلمەکەی ئێمە رۆشنایی خستۆتەسەر تەمەنی منداڵێتی پێغەمبەر و ویستوومانە ئەوە بخەینەڕوو کە "بۆچی پێویستمان بەپێغەمبەرە" و "کۆمەڵگە چۆن بوو". ناوبراو پێی وایە لە ماوەی ٢-٣ مانگی دیکەدا فیلمەکە دێتە سەر شاشەی سینەماکان لە تورکیا بەر لەوەی بگاتە ساڵی ٢٠١٦.
مەجیدی ئێستا سەرقاڵی تاوتوێکردنی نیشاندانی فیلمەکەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان
ئەو دەڵێت: "بەڕەچاوکردنی ڕێژەی مسوڵمانانی تورکیا، پێم وایە ئەو فیلمە تا بڵێی بینەری زۆر دەبێ. نزیکەی مانگیکە لەسەر شاشەی سینەماکانی ئێران نیشان دەدرێ، بەباشی دەنگی داوەتەوە. سەدان هەزار کەس سەیریان کردووە. لەوڵاتانی دیکەش نیشانی دەدەین بەتایبەت لەوڵاتانی وەک ئیندۆنێزیا و مالیزیا بەڵام تا ئێستا تەنها لە ئێران نمایش کراوە".
" فیلمی محەمەد پاڵێوراوی ئۆسکار لەئێران"
مەجیدی تیشکی خستەسەر ئەوەی لەدوای دەسپێکی نمایشی کردنەوەی سی و نۆهەمین فیستیڤاڵی فیلمی مۆنتریاڵ زۆر خۆشحاڵ بووە بەنمایشی فیستیڤاڵەکە و بەهۆی گرنگیدانی زۆری ئامادەبووان لە فیستیڤاڵەکە سێ گرتەی تایبەتی دیکە نیشاندران.
مەجیدی سەبارەت بەنیشاندانی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆما گوتی: "وڵاتانی ئەورووپا بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن، کاتێک ئەندامانی لیژنەی فیستیڤاڵەکە سەیری فیلمەکەیان کرد زۆر کاری تێکردن. لەوانەیە ئەو فیلمە خووی رۆژئاواییەکان بگۆڕێ بەرامبەر ئیسلام. هاوکات ئێران ئەو فیلمەی وەک پاڵێوراوی ئۆسکار نیشان داوە".
مەجیدی کە هەڵگری چەندین خەڵاتی جیهانی سینەماییە، پێشنیاری بۆ دەرهێنەرانی گەنج ئەوەیە "وەرگرتنی خەڵات شتێکی خۆشە بەڵام ئێوە بۆ وەرگرتنی خەڵات هەوڵ مەدەن، هەندێک گەنج بۆ فیستیڤاڵ و وەرگرتنی خەڵات فیلم دەردێنن. دەیانەوێ لەپڕێک خەڵات وەربگرن تاکو پێی بناسرێن. ئەوەش لەوانەیە کاربکاتە سەر سینەماکان. من ئەو کارانەی بۆ خۆم کردوومنەتە پێوەر بۆ ئێوەی پێشنیار دەکەم".