ھەولێر
ساڵانە بەر لە ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستانی عێراق قەرەبالغیەکی زۆری بەخۆوە دەبینی و قوربانی زۆریان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردوو ئەم گەرموگوڕیە نیە.
لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان قارەمان ڕۆستەم بۆ AA رایگەیاند: "بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ وەک ساڵانی ڕابردوو نیە و تا ئیستا کە دوو ڕۆژ ماوە بۆ جەژنی قوربان، فرۆشی ئاژەڵەکان وەک رۆژێکی ئاسای دانە دانە دەفروشرێت و ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ لێرە ماون و نەفرۆشراون و ئێمە نیگەرانین، بەڵام ھێوادرین کە لە ٩ و ١٠ ی زولحەجە بازار گەرم بێ."
ھەروەھا ڕوستەم گوتی: "ئاژەڵەکانی بازاڕی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا، ئێران و سوریاوە دەھێنرێن و بەڵام بەشی زۆری لە ئێرانەوە دەھێنرێ ئەمەش لەبەرئەوەی بەھای پارەی ئێران لە بەرامبەر پارەی عێراقی زۆر کەمە."
سواد حەمەد ئاژەڵفرۆشێکی دیکەی مەیدانی ئاژەڵفروشانە و بۆ AA گوتی: "ھەرچەندە ھێشتا بازاڕی ئاژەڵ گەرموگوڕ نیە، بەڵام زۆربەی کڕیارەکان ئاژەڵی ناوخۆیی دەکڕن."
ھەروەھا بەنیگەرانیەوە باسی بارودۆخی تەندروستی لە مەیدانی ئاژەڵان کرد و گوتی: "ئێمە داوا لە بەرپرسانی حکومی دەکەین بۆ سەلامەتی دانیشتوانی دەوروبەر و ئاژەڵفروشان، لەڕووی تەندروستیەوە چاکسازی لەو مەیدانە بکرێت."
جەھانگیر ئەبوبەکر کڕیاری ئاژەڵ بۆ AA رایگەیاند: "نرخی ئاژەڵ بە بەراورد لەکەڵ ساڵانی رابردوو گران نەبووە ھەرچەندە ھێشتا ئەم بازاڕە بە دراوی چاپی سویسری عێراقی کرین و فروشتن دەکات."
ھەروەھا جەھانگیر ئەبوبەکر گوتی: "بە جورێک نرخی ھەر ئاژەڵیک جیاوازە، بە پارەی نوێ یەک کیلۆ گۆشتی گای گەورە بە ٦٠٠٠ دینارە، گای بچوک ٦٧٥٠ تا ٧٠٠٠ دینارە، مەڕ بە ٦٠٠٠ و بزنیش بە ٥٠٠٠ ھەزار دینارە ."