ھەولێر
چەند كاتژمێرەكی ماوە موسڵمانان جەژنی قوربان بگێڕن، لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانیش بازاڕ و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخی پێوەدیارە و ھاوڵاتیان خۆیان بۆ ئەو جەژن ئامادە دەکەن، کەچی لەناو کەمپی پەنابەرانی سوریا لە کەورگۆسک کە ھێندەی شارۆچکەیەک دانیشتووی تێدایە، خەڵکەکە ئامادەکاری بۆ جەژن نەکردوە.
فاتمە محەمەدی ٤٧ ساڵ لەگەڵ چەند ئافرەتێکی دی لەبەردەم خێوەتی ماڵە ھاوسێکەیان دانیشتبوو بە دەنگی بەرز قسەی دەکرد و گوتی: "جەژن بۆ ئێمە لەگەڵ رۆژەکانی تر ھیچ ناگۆڕێت، خۆزگە خواردنێکی باش و شوێنیکی باشمان ھەبوایە ئەوە جەژن بوو بۆ ئێمە."
ئەوەی چیرۆکی ژیانی فاتمە و خێزانەکەی لەھەندێ پەنابەری دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە ئەوان پاسپۆرت و ناسنامەکانیان لەسنوری سوریا و عێراق ونکردوە. ئەو گوتیشی: "ژن و منداڵ و بەساڵاچوەکانیشمان ئاگایان لە جەژن نیە و خۆشمان بۆی ئامادەنەکردووە."
خدر قاسم ی تەمەن ٤٦ ساڵ لەشاری حمس ئاوارەی کەمپی کەورگۆسک بووە، ئاشکرایکرد ئەوان ئیشوکاریان جێھێشتووە، ئێستاش بەھۆی نەبوونی ئیقامە ناتوانن بچنە دەرەوەی کەمپەکە بۆ کار و کاسپی.
خدر گوتیشی: "خۆمان بۆجەژنیش ئامادە نەکردوە، چونکە لای ئێمە ژیان بەجۆرێکی ترە، کێ جەژنی بیر دەکەوێتەوە؟ مەگەر منداڵان ئەوانیش بەھۆی شەڕی گەورەکانەوە، نازانن جەژنی چیە."
لەناو کەمپەکە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و منداڵان بەرچاو دەکەون لەپاڵ ئەوەش بەساڵاچوانێکی زۆر ھەن. کە توانای رێکردن و ھاوتوچۆیان لەناو کەمپەکەدا نەماوە، تەنیا لەبەردەم خێمەکاندا بەتانیەکیان راخستوە، شەوڕۆژ دەکەنەوە.
یەکێک لەو بەساڵاچوانە بەناوی حسێن شێخ موسا تەمەن ٥٨ ساڵ کە ریش و سمێڵی بەرەو سپی بوون دەڕوات و چەند ساڵێکیشە نەخۆشی شەکرەی ھەیە و منداڵێکی تریشی نەخۆشە، گوتی"لەوڵاتی خۆمان شەڕ و برسێتی تەنگ بەئینسان ھەڵدەچنێ رابکاتە دەرەوە، ئەگینا ئێرە کەی شوێنی ژیانە؟ پارەمان پێ نیە لەناو خۆڵ و خاشاک دەژین."
لە کەمپی کەورگۆسک سەرەڕای ناخۆشیەکانی ژیان و لەناو خێمە ژیان بەسەربردن و نەبوونی کار و پێداویستیەکانی تری ژیان، کەچی ئاوارەکان بێ ھیوا نین، منداڵان یاری دەکەن، لە خێمەیەک کوڕە گەنجێک سەرقاڵی سازلێدان بوو بۆ منداڵان کچێکیش گۆرانی دەگوت.
میدیا ئیسماعیلی تەمەن ٢٩ ساڵ دوو منداڵی ھەیەو دەڵێ: "کەمێک بوارمان ھەبێ ئێمەش دەتوانین کار بکەین، بۆنمونە من مامۆستام و ھاوسەرەکەشم سەرتاشێکی باش بووە لە قامشلۆ کەچی ئێستا بێکارین و چاوەڕێ دەکەین رۆژێک بکەوینە سەر کارو موحتاجی دەستی کەس نەبین."
سەبارەت بەئامادەکاری و ھاوکاری ئاوارەکانی سوری لە سنوری پارێزگای ھەولێر لە جەژنی قورباندا نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر گوتی: "ھیچ ھاوکاریەکمان نەکردوون بۆ ئەم جەژنە."
لەلایەکی دیکە کارزان نوری رێکخەری پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ AAی گوت: "لەچوارچێوەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەھاوکاری رێکخراویWHPو AKTE دەزگای خێرخوازی بارزانی، رۆژی یەکشەممە ١٣ی مانگ، خۆراکمان دابەشکردوە."
رێکخەری پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتیشی "رێکخراوەکەمان ھەڵدەستێت بە بەدابەشکردنی جل و بەرگ بەسەر ھەموو ئاوارەکاندا لە رۆژانی جەنیش شیرینی دابەش دەکەین و ھەرسی رۆژی جەژنی قوربان گۆشت بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکەین."
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار پەنابەری ئاوارەی سوری ھەن، ئەو ئاوارانەی لەھەولێر لەناو ٥ کەمپ نیشتەجێکراون. لە ئێستا دا کەمپی کەورگۆسک ١٥ ھەزار و بەحرکە ٦ ھەزار و قوشتەپە ٦ ھەزار و کەمپی باسرمە ٤ ھەزار ئاوارەی سوریان تێدا نیشتەجێکراوە، بڕیاریشە کەمپی دارەشەکران لە سنوری ھەولێر بەم نزیکانە بکرێتەوە تا ئێستا ٣٠٠ خێزان تێدا نشتەجێ بوون.