ئاراس كە هێشتا تەمەنی 15 ساڵی تێپەڕی نەكردووە، لە دوای گەیشتنی چەكدارانی داعش بە گوندەكەیان لە نزیك شەنگال، جگە لە دەربەدەری و ئاوارەیی ودوركەوتنەوە لە دایك و باوكی، بەرپرسیارێتی سەرپەرشتی و چاودێریكردنی دوو براو چوار خوشكی لەخۆی بچوكتری كەوتە ئەستۆ.
ئەو خەڵكی گوندی حەردانە لە نزیگ شەنگال و لەدوای گەیشتنی چەكدارانی داعش بە گوندەكەی، لە دایك و باوكی دابڕاوە و لەو ڕۆژەوە لە چاوەڕوانی هەواڵ و گەڕاندنەوەی ئەوان و ڕادەستكردنەوەی بەرپرسیارێتی خوشك و براكانی بۆ دایك و باوكی دەكات.
ئاراس خێرۆ لە بارەی چیرۆكی گەیشتنی داعش بە گوندەكەیان و چۆنێتی دابڕانیان و هەڵاتنیان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو و گوتی: "چەكدارانی داعش لە ڕۆژی 3ی ئاب گەیشتنە گوندەكەمان و خەڵكی گوندەكە هەمووی هەڵاتن، ئێمەش بەناچاری لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكدا سەركەوتین و بە بێ دایك و باوكم هەڵاتین.
ئەو چارەنووسی دایك و باوكی نازانێ و تەنها ئەوەی گوت: "چەكدارەكان بەچەند ئۆتۆمبیلێك هاتنە گوندەكە و ئەوەی مابوویەوە گرتیان و لەگەڵ خۆیان بردیان."
ئەوان دوای یەك ڕۆژ لە گەیشتنیان بە چیای شەنگال، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكارەكەیان توانیویانە خۆیان دەرباز بكەن و بگەنە قەزای زاخۆ ، دواتر بە ئۆتۆمبێل بەرەو شاری سلێمانی بەڕێكەوتن و ڕۆژی 7ی ئاب گەیشتنە سلێمانی.
ئاراس و خوشك و براكانی ئێستا لەگەڵ 19 خێزانی دیكهی كەسوكاریان كە لە 122 كەس پێكهاتون، لەنێو باخچەیەكی تایبەتی شاری سلێمانی نیشتەجێن و لە چاوەڕوانی شادبونەوەن بە دایك و باوكیان.
شوكر ڕەشۆ موراد هاوڵاتییەكی ئێزیدییە و ماوەی نۆ ساڵە لە باخچەی هاوڵاتییەك لە نزیك شاری سلێمانی كار دەكات، بەهۆی ئەوەوە خاوەن باخچەكە ڕێگەی بە كەسوكارەكەی شوكر داوە لەو باخچەیە نیشتەجێبن و هەمو هاوكارییەكی بۆ دابین كردون.
شوكر باس لە چۆنێتی گەیشتنی داعش بۆ گوندەكەیان (حەردانە) دەكات و گوتی: "ڕۆژی 3ی ئاب یەكەم كاروانی چەكدارانی داعش بە چەند ئۆتۆمبیلێك هاتنە گوندەكەمان و سەرەتا ڕێزێكی زۆریان لە خەڵكەكە گرت و بەكەسوكاری خۆیان لەقەڵەمدان و دڵنیایان كردنەوە لەوەی پارێزراو دەبن، دوای نیو سەعات ژمارەیەكی دیكه هاتن و خەڵكەكەیان كۆكردەوە و هەمو چەكەكانیان لێوەرگرتن و هەڕەشەیان لێكردن.
بە گوتەی شوكر پاش گەیشتنی كاروانی سێهەمی چەكدارانی داعش بە گوندەكەیان دۆخەكە بەتەواوی تێكچو، كاتێك دەستیان بەهەڕەشەكردن كرد و سێ بژاردەیان لەبەرامبەر خەڵكی گوندەكە دانا ئهوانیش موسڵمان بوون، پارەدان و كوشتن بوو، ئەوەش ترس و دڵە ڕاوكێی زۆری بۆ خەڵكەكە دروست كرد و تەنها ڕێگەی هەڵاتنیان بۆ مایەوە.
ئەو گوتی : "نزیكەی 250 كەس لە گوندەكە خۆیان ڕزگار كرد و 450 كەسی دیكه مانەوە و داعش ژن و پیاوەكانی لەیەكتر جیاكردنەوە و بێسەروشوێنی كردن، چەند جارێك لەنێو ژنەكانەوە پەیوەندیمان پێوەكراوە كە 150 ژنن و لە نێو هۆڵێكدا دانراون و ئاگاداری چارەنووسی پیاوەكان نین."
حاجی ئەحمەد پیاوێكی تری بەتەمەن بو كە لەو گوندە ڕزگاری ببوو، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی ئەو ڕۆژە لە ڕێگەیەكی خۆڵەوە هەڵات ڕزگاریبوو، بەڵام ئەوەی بە ئۆتۆمبێل و لەسەر ڕێگای سەرەكی و قیری گوندەكەوە هەڵات لەلایەن چەكدارەكانەوە دهستگیركرا و بێسەروشوێن كران."
سەعدون حەیدەری تەمەن 38 ساڵان لەگەڵ 8 ئەندامی دیكهی خێزانەكەی یەكێكی دیكه لە ڕزگاربووەكانی گوندەكە بوو. ئەو تەنها خوازیاری ئەوەیە ناوچەكەیان لەدەست چەكدارانی داعش ڕزگار بكرێت و بە خۆشی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەو كەسانەشی بێسەروشوێنن بدۆزرێنهوه و بگهڕێندرێنهوه شوێنی خۆیان. دوای ئهوهی چهكدارانی داعش هێرشیان كرده سهر شاری شنگال و دهوروبهری و كۆنترۆڵیانكرد، ژمارهیهكی زۆری خهڵكی كوردی ئێزدی ئاوارهبوون و ژمارهیهكی زۆریشیان لهلایهن چهكدارانهوه دهستگیركران و تا ئێستا بێسهروشوێنن.