کەرکوک
بەڕێوەبەری پاراستنی دامەزراوەکان لە کەرکوک شێرزا موەفەری رایگەیاند، مینێک کە تیرۆریستان لەنزیک کۆمەڵگەی نەھرەوانی سەر بە شارەدێی ریاز بۆ دەوریەیەکی سوپایان نابوویانەوە، تەقیەوە و لەئاکامدا سەربازێکی دەوریەکە کوژرا و چواریتریشیان بریندار بوون.
ھەروەھا گوتی دەوریەکەی سوپا سەر بە فەوجی دووەمی لیوای ٤٧ی سەر بە فیرقەی ١٢ بوو.
لەلایەکیترەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی کەرکوک ئاشکرای کرد، ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژ کە لەنزیک ماڵێک لەو ماڵانەی خەریکی ئامادەکردنی ھەریسە و و رێکخستنی کەژاوە حوسێنیەکانی کەرکوک بوو تەقیەوە، لەئاکامدا ھەشت ھاوڵاتی بریندار بوون.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەو ئۆتۆمبیلە مینڕێژە لەنزیک ماڵی عەلی عەباس ناسراو بە ئەبوعەبیر لە حەی نیدا لە باشوری رۆژھەڵاتی شارەکە راگیرابوو ، ئێوارەی ئەمڕۆ تەقیەوە و ھەشت کەس بریندرا بوون، کە چواریان منداڵن و زیانی زۆریش بە خانوبەرەکانی ئەو نزیکانە کەوت.