ھەولێر
سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی ( پەیەدە) ساڵح موسلیم سەبارەت بەدامەزراندنی پەرلەمان لە باکوری سوریا گوتی: "ئەمە راگەیاندن نییە بۆ پێکھێنانی حکومەتی کاتی، بەڵام ھەنگاوی یەکەمە بۆ ئەو مەبەستە."
ساڵح موسلیم لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو لەبارەی دامەزراندنی پەرلەمان لە باکوری سوریا گوتی: "ئەو پەرلەمانەی راگەیەنراوە بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی کاتی نییە، بەڵام ھەنگاوی یەکەمە بۆ ئەو مەبەستە، لەگەڵ یەکینەکانی ڕۆژئاوا بەیەکەوە ئەم کارە دەکەین، ئەوەی مەبەستمانە دامەزراندنی بەرێوەبردنێکی سەربەخۆیە لە ڕۆژئاوا."
لەبارەی پەرلەمانە ٨٢ کەسیەکەوە موسلیم گوتی: "ئەم پەرلەمانی بۆ بەرگریکردنە، حکومەتی کاتی نییە، بۆ دابینکردن و بەدەنگەوەھاتنی گەلی رۆژئاوا دامەزراوە، دوای تەواوبوونی ئامادەکاریەکان لەماوەی سێ مانگدا بەرەو ھەڵبژاردن دەچێ".
سەرۆکی پەیەدە لە لێدوانەکەیدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە دامەزراندنی پەرلەمانی رۆژئاوا بەربەستێکە لەبەرامبەر سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دیاربەکر.
ساڵح گوتی: "ماوەیەکی زۆر بوو باسمان لە دامەزراندنی پەرلەمانێک دەکرد بۆ رۆژئاوا، ئێستاش گەیشتوەتە ئەم قۆناغە، نە بۆ رێگریکردنی کەسێک و نە بۆ دژایەتیکردنی کەسێک دانەمەزراوە، ئەو باسانە لەڕاستیەوە دوورن ".
- "سەردانی بارزانی ئاساییە "
ھەروەھا گوتی: "ئاساییە بارزانی سەردانی دیاربەکر دەکات، چاوەڕوانین بارزانی لەدیدارەکانیدا لەگەڵ ئەردۆغان پارێزگاری لە مافەکانی گەلی کورد بکات."
لەبارەی ئەگەری سەردانی بۆ تورکیا بەم زووانەیش گوتی: ھیچ بەرنامەیەکم نییە بۆ سەردانی تورکیا، داوەتم بۆ نەھاتووە".
لەبارەی نەبوونی نوێنەرانی ئەلپارتی و پارتی یەکێتیی کوردانی سوریا و پارتی ئازادی سوریا لە پەرلەمانەکەدا ساڵح موسلیم گوتی: "سەرجەم لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەکە بانگھێشت کران، بەڵام ئەم پارتە سیاسیانە قبوڵیان نەکرد، بەھۆی ھەڵوێستی تورکیا و ئەنجومەنی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکە بەشدار نەبوون."