Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای ئاوارەکان، ژمارەی ئەو ئاوارانەی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ھۆکار و کێشەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان لەگەڵ پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ناکۆکی لایەنەکان دەکات.
دەرباز محەمەد سەرەتا لە بارەی ژمارەی ئەو ئاوارانەی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان دوا و گوتی: "لە دوای شەڕی داعش ئامانجی سەرەکی ئێمە گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو بۆ ناوچەکانی خۆیان، رۆژانە ژمارەیەک لە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی زۆرمان ماوە وەک ئاوارە ماونەتەوە کە ژمارەیان زیاترە لە دوو ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش نزیکەی ٥٥٠ ھەزاریان لە کەمپەکانن، بەشی زۆری ئەم ئاوارانەش ئاوارەی پارێزگای نەینەوان کە لەبەر گەورەیی ئەو وێرانکاری و زیانانەی بەر شارەکەیان کەوتووە، لەگەڵ بوونی گیروگرفتی ئەمنی زۆر کە تا رادەیەک خێزانەکان ھەست بە دڵنیایی نەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکان خۆیان، لەبەر ئەوە زۆربەی خێزانەکان ماونەتەوە".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد گوتی: "دۆخی ئەو شارانەی بە ھۆی شەڕی داعشەوە دانیشتووانەکەیان ئاوارەبوون، بەراورد بەدوو ساڵی رابردوو دۆخیان باشترە و ئاوەدانییان تیادایە و پارێزگارەکان ئیشوکاری خۆیان دەکەن و ژیان تیایاندا ئاساییە، بەڵام ھەندێک کێشە و گیروگرفتی ئەمنی ھەیە لە چەند ناوچەیەک کە وای کردووە ئاوارەکان نەگەڕێنەوە".
دەرباز محەمەد ئەوەشی گوت "گەورەترین گرفت لەو ناوچانەی پێشتر خەڵکەکەی بە ھۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون، بەردەوامی ژیانە تیایاندا، بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت پێویستە سەقامگیری و چالاکی ئابووری و ئاوەدانی و ئیشوکار ھەبێت، ئەم کێشەیە لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراق ھەیە، بەتایبەت لەم ناوچانەدا ئەم کێشەیە زیاتر رەنگ دەداتەوە و وێرانکاری و کێشەی خزمەتگوزارییان زۆرترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک ناوچەیان باشن و پڕۆژەی ئاوەدانی دەستیپێکردووەتەوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو ناوچانە بەتایبەت پارێزگای نەینەوا ئەم چالاکی و ئاوەدانییە کەمە، بۆیە بەشێک لە ئاوارەکان دوای ئەوەی دەچنەوە ناوچەکانی خۆیان جارێکی تر ئاوارەی کەمپەکان دەبنەوە، بە ھۆی ئەوەی لەنێو کەمپەکان ھاوکارییەکان زیاترە بۆیان".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی کرد بەوەی، بوودجەی وەزارەتەکەی بۆ ئەمساڵ زۆر خراپە بەراورد بە سالانی رابردوو، چونکە لەسەدا ٨٠ ی بوودجەکەیان گواستراوەتەوە بۆسەر ئەو پارێزگایانەی کە ئاوارەبوون تیایاندا روویداوە و پێشتر کەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە و گوتی: "ئەو لەسەدا ٨٠ یە پێویستە لە لایەن پارێزگاکانەوە کاری پێبکەن تاوەکو جووڵەی ئاوەدانی و ئابووری بکەوێتە پارێزگاکانەوە و ھاوکار بێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان".
دەرباز محەمەد کە وەزیرێکی کوردی کابینەکەی حەیدەر عەبادی-یە و لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە لە بارەی ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی دوا و بە ھەنگاوێکی ئاڵۆز ناوی دەبات و لەو بارەیەوە گوتی: "پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئاڵۆزە و لایەنەکان بە ئاسانی ناگەنە رێککەوتن، تاوەکو ئێستا ئەو دوو بەرەیەی دروست بووە ئاسۆی رێککەوتن لەنێوانیاندا نییە".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا کورد و سوننەکان خۆیان لە ھیچ یەک لەو دوو بەرەیەی شیعەکان یەکلایی نەکردووەتەوە کە کێبڕکێی پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکەن، ئەو پرسەش پێویستی بە لێکتێگەیشتنی زیاتری لایەنەکان ھەیە، بەڵام ئەو لێکتێگەیشتنەش لە سایەی بارودۆخە نێودەوڵەتییەکەدا ئاڵۆزە.