Azad Muhammet
20 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2016
ئەندامی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی كوردانی ئێزدی لە شنگال و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان حسێن قاسم حەسوون كە هاوكات سەرپەرشتیاری كەیسی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدییە، لە چاوپێكەوتنێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بۆ بە جینۆساید ناساندنی كەیسی كوردانی ئێزدی لە شنگال پێویستە عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی یان رەزامەندی بدات بە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی كە لێكۆلینەوە بكات لەسەر دۆسیەی شنگال بە تایبەتی، ئەمە یارمەتییەكی گرنگ و پێویستە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین ئەنجامی بدات تاوەكو دۆسیەی بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی لە شنگال بە سەركەوتوویی لە كاتی خۆیدا بگاتە ئەنجام، چونكە ئەندام نەبوونی عێراق لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بەربەستی یەكەمە لە سەركەوتنی كەیسەكە".
لەبارەی بەربەستی دووەم و سێیەم لەبەردەم پێشوەچوونی دۆسیەی بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی ئەندامی لێژنەكە گوتی: "بەپێی بەندی هەفتەمی نێوان ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی هەیە كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر گواستنەوە دۆسیەكە بدات بۆ دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی و بە جینۆساید بناسێندرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ كۆبوونەوەیەك لەوبارەیەوە ئەنجام نەدراوە ئەمە بەربەستێكی دیكەیە. ئاستەنگێكی دیكە دەستگیر نەكردنی ئەندامێكی باڵای رێكخراوی چەكدارانی داعشە كە هەڵگری رەگەزنامەی یەكێك لە وڵاتانی ئەندام بێت لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی وەك توونس و وڵاتە ئەورووپاییەكان".
ئەو ئەندامەی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسییەی كوردانی ئێزدی لە شنگال و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان راشیگەیاند: "دۆسیەی بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی لە شنگال لەڕووی سیاسییەوە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، كۆنگرێسی ئەمریكا و پەرلەمانی ئەورووپا دانییان بەوە ناوە كە ئەو رووداوانەی بەسەر كوردانی ئێزدی هاتووە لە شنگال جینۆسایدن. ئەمەیش دانپێدانێكی سیاسیی گەورەیە، بەڵام لە رووی یاساییەوە بەڕێوەچوونی دۆسیەكە چاڵاك نییە، چونكە وەستاوەتەوە لەسەر رۆڵی عێراق تاوەكو ببێت بە ئەندام لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی یان داوا لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بكات بۆ ئەوەی لە دۆسیەی كوردانی ئێزدی لە شنگال بكۆلێتەوەبە شێوەیەكی دەستنیشانكراو".
هەروەها دەشڵێت "نابێت حكوومەتی عێراق ئەو هەموو قوربانییدانەی كوردانی ئێزدی و كریستییانەكان و هەموو پێكهاتەكان لەبەرچاو نەگرێت، پێویستە رێز لە مافی هەموو پێكهاتەكان بگرێت هەروا بەبێ دەنگی نەمێنێتەوە بەرامبەر بە كەیسەكان".
ئەو ئەندامەی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ناوبراو ئاشكرای كرد و گوتی: "سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی بۆ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراق حەیدەر عەبادی ناردووە و بە فەرمی داوای لێكردووە كە یارمەتیدەر بێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەی كوردانی ئێزدی و كریستییانەكان هەموو پێكهاتەكان كە بەدەست چەكدارانی داعشەوە دووچاری هاتبوون، لە نامەكەدا سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم بە دیاریكراوی داوای كردووە كە حكوومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت بۆ ئەوەی دۆسیەی شنگال بەشێوەیەكی دەستنیشانكراوی ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ وەڵامێكی نەبووە".
ئەندامی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی كوردانی ئێزدی دوایین بەرنامەی لێژنەكە ئاشكرا كرد و گوتی: "لە بەرنامەماندایە بە فەرمی سەردانی بەغدا بكەین و لەگەڵ سەركۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی دۆسیەی بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی لە شنگال و هەموو كەمینەكان بكەین، شاندەكەمان پێك دێت لە سەرۆكی لێژنە و ئەندامانی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی و هەموو پێكهاتە ئایینییەكان، هەروەها وەزیری شەهید و ئەنفالكراوانی هەرێم و وەزیری كاروباری هەرێم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی و چەند كەسێكی شارەزا لە كەیسی جینۆساید ناساندن لە سەردانەكەمان بۆ بەغدا بەشداردەبن".
سەبارەت بە بەڵگە كۆكراوەكانی جینۆساید، ئەندامی ناوبراو گوتی: "پێش هەموو شتێك لێژنەكەمان بە بڕیارێكی وەزاری دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەی هەموو تاوانەكانی چەكدارانی داعش، سەرجەم بەڵگەكانی لە بەردەست لێژنەكەماندایە دەیسەڵمێنن كە جینۆساید بووە لە دژی كوردانی ئێزدی لەشنگال ئەنجام دراوە. بەڵگەی تەواومان هەیە كە پێش روودانی كارەساتەكە چەكدارانی داعش پلانیان بۆ تاوانەكان هەبووە، بەڵگەمان هەیە كۆمەڵكوژیی، ئایین گۆڕیینی بەزۆر ئەنجام دراوە، دوكیۆمێنتی تەواومان لەبەردەستەكە چەكدارانی داعش هەڵستاون بە كەنیزە كردنی كچ و ژنانی كوردانی ئێزدی و لەسەر شەقامەكان وەك كەلوپەل فرۆشراون، گواستراونەتەوە بۆ شوێنە جیاجیاكانی ژێر دەستەڵاتی داعش. ئەمانە هەموو بەڵگەن بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەكە، ئەمەیش بەو مانایە دێت بەڵگەمان لەبەردەستە كە چەكدارانی داعش لەسەر بنەمای ئایینی و نەتەوەیی تاوانەكانی دژی كوردانی ئێزدی ئەنجام داوە، كە دوو بنەمای سەرەكین بۆ جینۆساید ناساندنی دۆسییەی كوردانی ئێزدی لە شنگال".
لە درێژەی لێدوانەكانیدا ئەو ئەندامەی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی و پێكهاتە ئایینیەكانی دیكە، ژمارەی شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی ئاشكرا دەكات "شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵمان هەیە كە منداڵان لە تێنوو لە برسان مردوون، هەروەها شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵمان هەیە پیاو و ئافرەتی پەككەوتە كوژراون كە نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بكەن لە دەست چەكدارانی داعش، چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی دیكەی پیاوانی كوردانی ئێزدییمان ئاشكرا كردووە كۆی گشتیی تا ئێستا نزیكەی ٢٥ تا ٣٠ شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵمان دۆزیوەتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ گۆڕەكانمان هەڵنەكەندۆتەوە تاوەكو بزانین چەند رووفاتی تێدایە. بەشێك لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەهۆی ئاوی باران لەو زستانەدا بڵاوبوونەتەوە".
حسێن قاسم حەسوون دەشڵێت: "چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتر لە شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵ بدۆزینەوە لە گوندەكانی تل قەسب و تل بەنات و گرعوزێر و كۆجۆ هەموو ئەو ناوچانەی كە تا ئێستا لە داعش ماون، شایەتحاڵەكان بۆ لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەكە باسییان كردووە كە تەنها لە كۆجۆ ١٥/٨/٢٠١٤ لە یەك كاتژمێر لەیەك شوێندا نزیكەی ٣٨٠ پیاو كەوتنە بەر لوولەی تفەنگەكانی چەكدارانی داعش كۆمەڵكوژ كران".
لە كۆتایی لێدوانەكانی ئەندامی لێژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ناوبراو حسێن قاسم حەسوون راگەیاند "تا ئێستا نزیكەی هەزار و ٨٠٠ منداڵی خوار ١٥ ساڵی كوردی ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعش ماون و بەزۆر كراونەتە موسوڵمان و مەشق و راهێنانی تیرۆرستییان پێ دەكرێت، بۆ داهاتوو وەك چەكدارانی تیرۆرست بەكاریان دەهێنن".