سلێمانی
كۆنفرانسەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و لەلایەن مەڵبەندی كوردۆلۆژی زانكۆی سلێمانی لە ژێر درووشمی "داننان بە راستییەكان هەنگاوێكە بۆ ئاشتەوایی نێوان گەلان" لە هۆڵی زانكۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
تێیدا ژمارەیەك لە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانكۆ و رێكخراوەكانی بواری جینۆسایدو ئەنفال و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە میوانانی دەرەوە بەشدارن.
بەڕێوەبەری مەڵبەندی كوردۆلۆژی ئارام عەلی مستەفا لەبارەی كۆنفراسەكەوە گوتی: "لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك تاوان بەرامبەر گەلانی ناوچەكە ئەنجام دراون، بۆیە وەك مەڵبەندی كوردۆلۆژی بە پێویستمان زانی لە ژێر درووشمی 'داننان بە راستییەكان هەنگاوێكە بۆ ئاشتەوایی نێوان گەلان' ئەم كۆنفرانسە ساز بكەین كە تێیدا ژمارەیەك لە پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوە و لیژنەکانی پەیوەندیداری پەرلەمانی كوردستان توێژینەوە و بابەتی هەمەجۆر لە روویی مێژوویی و یاسایی و سیاسی و كولتووری لەبارەی جینۆسایدی گەلی كورد و چەند نەتەوەیەكی تری ناوچەكە پێشكەش دەكرێن".
بەڕێوەبەری مەڵبەندی كوردۆلۆژی هەروەها گوتی: "كۆنفرانسەكە بە دیاریكراوی تیشك دەخاتە سەر ئەو كۆمەڵكوژییانەی لە سەدەكانی نۆزدە و بیست و ئەنفال و جینۆسایدی كورد لە سەردەمی حوكمڕانی سەدام حسێن و كۆمەڵكوژی و تاوانی جینۆساید بەرامبەر كوردی ئێزدی دەكات".
ئارام عەلی مستەفا ئاماژەی بەوەش كرد "دەمانەوێت لە پاڵ گێڕانەوی راستییە تاڵەكان باس لەوە بكەین قوربانیان و ئەوانەی رزگاریان بووە ژیانیان چۆنە و چیان بۆ بكرێ، هەروەها بۆ كەسوكاری ئەنفال و جینۆساید چی بكەین، چۆن رێگری بكەین لە دووبارە بوونەوەی ئەو تاوانانە".
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە وەكالەت بەختیار محەمەد لەم بارەوە دەڵێت: "ئامانجمان لە سازكردنی كۆنفراسەكە ئاشنابوونی زیاتری گەلانی ناوچەكەیە بە ئازارەكانی یەكتر، دواتر هەوڵدانە بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانە لەسەر ئاستی جیهان".
بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدانی سلێمانی مەلا بەهادین وتاری وەزارەتی كاروباری شەهیدانی هەرێمی كوردستانی لە كۆنفراسەكەدا خوێندەوە و گوتی: "سازدانی ئەم كۆنفرانسە لە كاتێكدایە ئێزدییەكان تاوانی جینۆسایدیان بەرامبەر بەكارهێنراوە و داعش سەرجەم قۆناغەكانی جینۆسایدی لە ناوچەكەیان ئەنجامداوە، پێویستە عێراق لە دادگای باڵای تاوانەكان ببێتە ئەندام كە هەتا ئێستا ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە. هەروەها پێشنیار دەكەین حكوومەتی هەرێم كار لەسەر هەموو رێكارەكان بكات و سەردانی بەغدا بكات بۆ رازیكردنیان و ئاراستەكردنی دۆسیەی جینۆسایدی شنگال بە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ بە جینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی جیهان".
لە كۆنفراسەكەدا جگە لە نیشاندانی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر كارەساتی ئەنفال و تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر گەلی كوردستان، پێشانگایەكی شێوەكاری و پێشانگایەكی تری كتێب تایبەت بە ئەنفال نمایش كران.