Zekeriya Karadavut
31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
ئاکسارای - AA
دەریاچەی "توز" لەڕووی دەوڵەمەندی بە باڵندەی کێوییوە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی تورکیا و ساڵانە دەبێتە هەوارگەی هەزاران باڵندەی فلامینگۆ.
دەریاچەکە کە لە سەرڕێی باڵندە کۆچەرییەکان هەڵکەوتووە، ساڵانە میوانداری هەزاران باڵندەی هەمەجۆر و دیارترینیشیان باڵندەی فلامینگۆ دەکات.

فلامینگۆکان لە مانگی ئادارەوە روو لەو شوێنە دەکەن و دوای ئەوەی ماوەیەک تیایدا دەسرەوێنەوە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا بەرەو ناوچە گەرمەکان کۆچ دەکەن.
راگری کۆلێژی پزیشکیی ئاژەڵان لە زانکۆی ئاکسارای، پ. د. مستەفا جەمال دارڵماز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ژمارەی باڵندەی فلامینگۆ لە سەرانسەری جیهان لە زیادبوون دایە.

پ. د. مستەفا جەمال دارڵماز ئەوەی خستەڕوو لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی فلامینگۆکان لە جیهان، ژمارەی ئەو فلامینگۆیانەیش کە بۆ تورکیا کۆچ دەکەن ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و کۆمەڵێکی زۆریش لەو باڵندانە روو لە ئاکسارای دەکەن.
راگری کۆلێژی پزیشکیی ئاژەڵان لە زانکۆی ئاکسارای، پ. د. مستەفا جەمال دارڵماز ئاماژەی بەوە کرد بەشێکی زۆر لە فلامینگۆکان بۆ دۆزینەوەی خۆراک روو لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا دەکەن و ئەوانەیش کە لە ئاکسارای دەگیرسێنەوە زاوزێ دەکەن.

مستەفا جەمال دارڵماز گوتیشی: "ساڵی رابردوو ژمارەی فلامینگۆکانمان زۆر بوو، بۆ ئەمساڵ زۆر زیاتر بووە. دەریاچەی توز گونجاوترین شوێنە بۆ زاوزێکردنی فلامینگۆکان و خاوەن ژینگەسیستمێکی لەبارە. فلامینگۆکان هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای نیسان روو لە دەریاچەکە دەکەن. دوای گەیشتنیان دەست بە دروستکردنی هێلانەکیان دەکەن. ئەو هێلانانەی دروستیان دەکەن ٥٠ سانتیمەتر بەرزە. بێچووەکانیان دوای هاتنە دەرەوەیان لە هێلانەکانیان بە ماوەی سێ مانگ فێری فڕین دەبن. بەرلە هاتنی وەرزی زستان بەرەو شوێنە گەرمەکان کۆچ دەکەن".
راگری کۆلێژی پزیشکیی ئاژەڵان لە زانکۆی ئاکسارای، پ. د. مستەفا جەمال دارڵماز ئاماژەی بە زیادبوونی باران کرد بەڕێژەی سەدا ٥٠ کە ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاد بکات.