Saad Hawrami
09 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2016
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەورۆز مەولود لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یۆ ئێن دی پی، یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی خاوێن دۆستی ژینگە لەگەڵ پارێزگاکان لە رێکەوتی ١٥ی ئەم مانگە هەڵدەستین بە خاوێنکردنەوەی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ژێرناوی 'باهەموومان پێکەوە کوردستان خاوێن بکەینەوە لە یەک رۆژدا' ".وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پێویستمان بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی دوورەدەستن خاوێنیان بکەینەوە، دەزانین کە خاوێن راگرتنی ژینگە ئەرکی سەرشانی هەموومانە بۆیە پێویستمان بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە".
نەورۆز مەولود گوتیشی: "ئەم کارە بۆ ئەوەیە کە شوێنەکان بە پاکوخاوێنی رابگیرێن وئەوەیش ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە هەموومان پابەندین بەوەی کە ژینگە بپارێزین و پاکوخاوێنی رابگرین و ئەو کارەش دەچێتە ناو نەخشەی جیهانیەوە چونکە لە هەر شوێنێک یۆ ئێن دی پی هەبێت ئەو کارانەی کۆ دەکاتەوە و پیشانی جیهانی دەدات و بەوەیش دەتوانین سوودی لێوەربگرین بۆ شوێنە گەشتیارییەکانمان بە جیهان بناسێنین".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەیش دا کە ئەو پاشماوانەی کە کۆدەکرێنەوە دەتوانین بڵێین یەک لەسەر پێنجی خاوێن دەکرێتەوە و هەڵدەگیرێت چونکە کۆمپانیاکانی پاککەرەوە هاوکاری هاووڵاتییان و رێکخراوەکە دەبن بۆ گەیاندنی پاشماوەکان بۆ شوێنی مەبەست".
بەگوتەی وەزیری شارەوانی، پێشتریش لەلایەن پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەم کارە كراوە بەڵام ئەمجارە سەرتاسەری كوردستانە و هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ١٥ هەزار خۆبەش خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە ئامادەكردووە".
وەزیری شارەوانی هەوەرها گوتیشی: "ئەو پاشماوانەی كە كۆدەكرێنەوە و ئەوەی كە ریسایكلین بكرێن ئەوە ریسایكلین دەكرێنەوە و ئەوی دیكەیش دەچێتە شوێنی كۆكردنەوەی پاشماوەكان و لەوێ فڕێ دەدرێن".
بەرپرسی رێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە، شوان جاف كە هەماهەنگی دەكەن لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە گوتی: "دەبوایە ئەو كارە لە رۆژی ٥ی ئەم مانگە ئەنجام بدرایە كە رۆژی ژینگەی جیهانی بوو بەڵام لەبەر هەندێك هۆكاری تەكنیكی یو ئێن ئەو كارە دواخرا بۆ ١٥ ئەم مانگە".
شوان جاف هەروەها گوتیشی: "ئەم كارە ٦٠ شارەوانی تێیدا بەشدارە و ١٢ شارەوانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ رێكخراوەكەی ئێمەدا هەماهەنگیان هەیە بۆ ئەنجام دانی ئەم پرۆسەیە".
بەرپرسی رێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە ئاماژەشی بەوەدا كە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی زۆر زۆر گرنگە و بۆ یەكەمجارە كە كوردستان بە سەربەخۆیی دەچێتە ناو نەخشەسازی یو ئێنەوە كە لە هەرشوێنێك چالاكییەكە ئەنجام دەدرێت لەوێوە وێنەكان وەردەگیرێن و راستەخۆ ئەپلۆد دەكرێنە ناو سیستەمێكی تایبەت بە یو ئێن و ئێمەیش مەبەستمانە كە جوانترین وێنەكانی هەرێمی كوردستان پیشان بدەین ئەوەی بۆ ئەوەی كە بڵێین كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی ئارامە لەڕووی ئاساییشەوە و شوێنێكی شیاوە بۆ گەشتیاری و بۆ ئەوەی گەشتیار رابكێشین بۆ ناو هەرێمی كوردستان و هەوڵیش بدەین كە رێكخراوە جیهانییەكان هان بدەین بۆ ئەوەی كاری باشتر و چاكتر بكەن لە هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانەی كە هەیە لە بواری شارەوانی و گەشتوگوزاردا ئێمە وەكو رێكخراوەكان هەماهەنگ بین و ئەو كێشانە بخەینە روو".
بە گوتەی شوان جاف: "هەموو وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كارەدا بەشدارن، بەڵام پشكی شێر بەر وەزارەتی شارەوانی كەوتووە چونكە وەزارەتی شارەوانی وەزارەتی پەیوەندیدارە بە پاكوخاوێن راگرتنی هەرێمی كوردستان و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەش بەشێكی گرنگە لە پرۆسەكەی ئێمە و لەناو پرۆسەكەدا یو ئین زۆر گرنگی داوە بەڕووماڵی ئەو بابەتە لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندنەوە هیوادارین ئەو رۆژە ئێوە هاوكارمان بن".