Heman Hussein Yaseen
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
ههولێر - AA
بە مەبەستی ھاوکارییکردنی خەڵکی کەمدەرامەت بە تایبەت بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆدا لەمیانی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخراوی ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکی (تیکا)، دوو ھەزار کارتۆن کەلوپەلی خۆراکی رادەستی بەرەی تورکمانی کرد بۆ ئەوەی لە رێگای مانگی سووری عێراقی دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکرێت.

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەھۆی ئەوەی کە ئێستا حاڵەتێکی تایبەت ھەیە ئەویش کاریگەری ئەم ڤایرۆسەیە لەسەر ھەموو لایەک، سوپاسی حکوومەتی تورکیا دەکەین کە لەم ماوەیەدا ژمارەیەک ماسکی دابینکرد بۆ پارێزگای ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و مووسڵ و ئەمڕۆش لە رێگای رێکخراوی ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکی (تیکا)، بۆ پشتیوانی لە ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت، دوو ھەزار کارتۆنی کەلوپەلی خۆراکی لە کەرکووک دابەشکردووە و دوو ھەزار کارتۆنی کەلوپەلی دیکەی خۆراکیشی ھێناوەتە ھەولێر و لە رێگای مانگی سووری عێراقی و بەرەی تورکمانی بەبێ جیاوازی دابەشی سەر ھاووڵاتییانی دەکەین''.
ئایدن مەعرووف گوتیشی: ''بەشێک لەم کەلوپەلی خۆراکە وەک رەچاوکردنی مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ پێکهاتەکانی مەسیحی و کاکەیی و دابینکراوە و ئەوانەی دیکەش بەبێ جیاوازی مانگی سووری عێراقی دابەشی دەکات''.
ئەم ھاوکارییەی تورکیا لە چوارچێوەی یارمەتییەکانییەتی دێت بۆ ٣٤ وڵات و، دوێنێش، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە، تاوەکو ئەمڕۆ پێداویستیی و کەلوپەلیان رەوانەی ٣٤ وڵات کردووە. لە رۆژانی داھاتووشدا درێژە بەم ھاوکارییە دەدەن.
کەلوپەلەکانی خۆراکی بریتیین لە رۆن، شەکر، خوێ، نیسک، نۆک، فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە و چەند پێداویستییەکی دیکەی رۆژانە و بڕیارە لە رێگای مانگی سووری عێراقییەوە دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی.