Mustafa Çavuş
12 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
سامسون/ھاتای - AA
دایکێکی عێراقی کە لە سامسون نیشتەجێیە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە منداڵەکانی دابڕابوو، لە دەروازەی سنووری جیلڤەگۆزو لە شارۆچکەی رەیحانلی سەربە پارێزگای ھاتای بە منداڵەکانی شادبوویەوە.
عەفاف ناجی ئەحمەد، کە ژنێکی عراقییە و ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە سامسون دەژیت، داوای لە کۆمەڵەی خێرخوازی دەستی برایەتی کرد، کە ھاوکاری بکەن بۆ شادبوونەوەی بە دوو منداڵەکەی کە لە سووریا دۆزراونەتەوە.
لەسەر ئەم داواکارییە، بەرپرسانی کۆمەڵەکە دۆخەکەیان بە وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند.
لەسەر رێنمایی وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو پارێزگاری ھاتای، رەحمی دۆغان ھاتە سەرخەت و کارەکانیان دەستپێکرد، بۆ ھێنانەوەی منداڵەکانی عەفاف بۆ تورکیا.
تیمەکان بەسەرپەرشتی پارێزگای ھاتای، توانییان لە ئیدلب منداڵەکان بدۆزنەوە و بیانھێنن بۆ تورکیا.
سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازی دەستی برایەتی کە ھاوکات راگری فاکەڵتیی زانستە ئیسلامییەکانە لە زانکۆی نۆزدەی مایس، پرۆفیسۆر مەتین یڵماز لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند ئەوان ھەوڵدەدەن لە رێگەی ئەم کۆمەڵەیەی کە پێش شەش ساڵ دایانمەزراندووە ھاوکاری خەڵکی بکەن.
یڵماز، ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم چوارچێوەیەدا، کۆتایی بە حەسرەتی ئەو دایکە عێراقیە دەھێنن و گوتی: "ئەم خوشکەمان، لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ خێزانەکەی لە عێراقەوە روویان لە ناوچەی عەزاز لە سووریا کردووە و لەوێوە چوونە بۆ ئیدلب. دوو کوڕی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆچبەری عێراقی لە ئیدلبەوە لە سنووری سووریا پەڕیونەتەوە و ھاتوونە بۆ تورکیا. دایکەکە، ھاوسەرەکەی و دوو کچیان لە سووریا ماونەتەوە و لە خانوویەکی رووخاو ژیانیان بەسەربردووە. پاش ماوەیەک لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ تورکیا بەھۆی ئەوەی منداڵەکانیان دەگرین دەستگیردەکرێن. دایکەکە دەپەڕێتەوە بۆ تورکیا و باوکەکە و دوو منداڵەکەی لە سووریا دەمێننەوە. دایکەکە، دێت بۆ سامسون بۆلای دوو کوڕەکەی. باوکەکە و دوو منداڵەکەی دیکەی دووبارە دەگەڕێنەوە ئیدلب و لەوێ دەژێن. رۆژێک باوکەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت. ھەردوو کچەکە بە تەنھا دەمێننەوە. پاشان رێکخراوێکی ھاوکاریی تورکی منداڵەکان دەدۆزێتەوە. پارێزگاری ھاتای-ش پاڵپشتیمان بوو".
عەفاف ناجی ئەحمەد-ی دایک، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی زۆر دژوار ژیاون و گوتی، "تەنھا ئەو کەسەی کە لەو دۆخەدا ژیابێت هەست بەو ئازارە دەکات کە من چەشتم. منیان لە رۆڵە بچووکەکانم کرد. زۆر دڵخۆشم، بە منداڵەکانم شاد دەبمەوە. خۆشترین خواردن کە حەزیان لێیەتی بۆیان ئامادەدەکەم".
دواجار، عەفاف-ی دایک کە لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەکە لە سامسونەوە ھاتبوون بۆ دەروازەی جیلڤەگۆزو لە ھاتای، بە منداڵەکانی شادبوویەوە.
عەفاف، جەختی لەوە کردەوە کە شادبوونەوە بە منداڵەکانی زۆر بە نرخە لەلای و سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو و پارێزگاری ھاتای، رەحمی دۆغان و ھەموو ئەوانەی کە ھەوڵیانداوە بە منداڵەکانی شادببێتەوە، کرد.