Ramal Mahmood
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
نیویۆرک - AA
- رێکخراوی منداڵپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان: "بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر رۆژهەڵاتی حەلەب لە ٢٣ی ئەیلوولەوە تاکو ئێستا بەلانیکەمەوە ٩٦ منداڵ کوژراون و ٢٢٣ی دیکەش بریندار بوون.
- رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور: "لە رۆژهەڵاتی حەلەب تەنها دوو نەخۆشخانە و حەوت پزیشک، ماون بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری".
بەهۆی کردنە ئامانجی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بنکەکانی تەندروستی لە شاری حەلەب، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان کوژراون.
بەپێی راگەیەنراوێکی رێکخراوی منداڵپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر رۆژهەڵاتی حەلەب لە ٢٣ی ئەیلوولەوە تاکو ئێستا بەلانیکەمەوە ٩٦ منداڵ کوژراون و ٢٢٣ی دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیەنراوەکەدا تێڕوانینی جێگری بەڕێوەبەری کارگێڕی رێکخراوی منداڵپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان، جۆستن فۆرسیت خراوەتە روو کە ئاماژەی بەوە داوە منداڵانی حەلەب لە مۆتەکەدا دەژین، "ئەو تاڵاوەی منداڵان دەیچێژن، بەزمان دەرنابڕدرێت".
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور-یش لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی هێناوەتە بەرباس، دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر دوو نەخۆشخانە کە بە کۆمەکی رێکخراوەکەیان لە حەلەب کرابوونەوە، ئێستا تەنها دوو نەخۆشخانە ماونەتەوە لە شارەکە کە بتوانن نەشتەرگەری بۆ هاووڵاتییان ئەنجام بدەن.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی هێرشەکەی شەوەوە بەلانیکەمەوە دوو نەخۆش و دوو کارمەندی نەخۆشخانە کوژراون. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان ژمارەی کارمەندانی نەخۆشخانە کەمتر دەبنەوە و پێداویستییەکان و داودەرمانی نەخۆشخانەش بەرێژەیەکی بەرچاو رووی لەکەمی کردووە.
هەروەها لەو دوو راگەیەنراوەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە سەرۆکی لقی سووریای رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، کارلۆس فرانسیسکۆ رایگەیاندووە، تەنها حەوت پزیشک ماوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتیی کە ناوچەکانیان بەچڕی بۆردومان دەکرێت.